کۆلێژێکی زانکۆی سەلاحەددین کورسی خوێندن بۆ قوتابیانی عێراق تەرخاندەکات

کۆلێژێکی زانکۆی سەلاحەددین کورسی خوێندن بۆ قوتابیانی عێراق تەرخاندەکات
وەک پشتیوانییەک بۆ راسپاردەکانی دیداری هەولێر - نەجەف کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی سەلاحەددین ئامادەیە کورسی خوێندن بۆ خوێندکارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق تەرخان بکات.

لە یەکێک لە خاڵەکانی راسپاردەکەدا هاتووە "دەرفەتدان بە قوتابیانی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی لە زانکۆکانی پارێزگاکانی عێراق بخوێنن، هەمان دەرفەتیش بۆ قوتابیانی پارێزگاکانی عێراق بڕەخسێت تاوەکو لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن، هەروەها تەرخانکردنی زەمالەی تایبەت بە خوێندنی زمانی کوردی بۆ ئەو مەبەستە".

لەو بارەوە پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. سیروان عارەب، راگری کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سەلاحەددین راگەیاند "دەستخۆشی و پشتیوانی لەو راسپاردە دەکەین و وەک ناوەندێکی ئەکادیمی ئامادەین بۆ هەر هاوکارییەک لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکان قوتابیانی ناوەڕاست و باشووری عێراق وەربگرین بۆئەوەی لە کۆلیژەکەمان درێژە بەخوێندن بدەن. ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنیی گرنگە بۆ ئاشنابوونی قوتابیانی ناوچەکانی دیکە عێراق بە هەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی باشە بۆئەوەی لە کۆلێژەکەمان بخوێنن".

راگری کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی سەلاحەددین ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هەنگاوە دەبێت بەپێی رێککەوتنێکی نێوان زانکۆی سەلاحەددین و زانکۆکانی ناوەڕاست باشووری عێراق بێت.

کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی سەلاحەددین لە بەشەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بیرکاری، زانستە گشتییەکان و باخچەی منداڵان پێکدێت. دەوامی بەیانیان و ئێوارانی هەیە لە بەیانیان دوو هەزار و 119 قوتابی و لە ئێوارانیش هەزار و 130 قوتابی هەن.
Top