فراکسیۆنی یەکگرتوو: ئەوانەی بندیواریان زۆرە ھەوڵی بەلاڕێدابردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی دەدەن

فراکسیۆنی یەکگرتوو: ئەوانەی بندیواریان زۆرە ھەوڵی بەلاڕێدابردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی دەدەن
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، ”ئەوانەی بندیوار و مووچەخۆریان زۆرە“، هەوڵی بەلاڕێدابردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی دەدەن.

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند، ھەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی ھەیە و ”پێوستە رێگری لێ بکرێت“.

ڕوونیشی کردەوە کە هەوڵەکە لەلایەن ئەوانەوە دەدرێت کە بندیوار و مووچەخۆر و خانەنشینی نایاساییان هەیە.

بە پێویستیشی زانی، پڕۆژەیاساکە گشتگیر بێت و چەند بوارێکی دیکەش بگرێتەوە.

لە بارەی پرسی خانەنشینان لە نێو پڕۆژەیاساکەدا شێرکۆ جەودەت گوتی: ”پێشنیاز دەکەین جیاوازی لە نێوان پلە باڵاکان و فەرمانبەران نەکرێت و ھاوسەنگ بکرێت“.


رۆژی چوارشەممە 11-12-2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆ بووەوە و پرۆژەیاسای چاکسازی پەسەندکرد.

رۆژی پێنجشەممە 12-12-2019، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی ڤاڵا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان پرۆژەیاساکەی ناردە پەرلەمانی کوردستان. ئەمڕۆش بە دەنگی ٨٥ پەرلەمانتار لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا سیفەتی بەپەلەی پێدرا و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کرا.














باسنيوز
Top