راسپاردەکانی دیداری هەولێر - نەجەف
لە یەکێک لە خاڵەکانی راسپاردەکەدا باس لەوە کراوە، دیداری دووەمی هەولێر - نەجەف لە "شاری نەجەفی پیرۆز" بەڕێوەدەچێت، بەڵام وادەی دووەم دیدار دیارینەکراوە.
لە راسپاردەکاندا باس لە چالاککردنی پەیوەندیی ئابووری، بازرگانی، دارایی و بانکی لە چوارچێوەی کەرتی تایبەت کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردوو لایەن دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونی وانەبێژانی بوارەکانی ئایین بڕەخسێنن.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە دەرفەت بە قوتابیانی هەرێمی کوردستان بدرێت بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی پارێزگاکانی عێراق بخوێنن و هەمان دەرفەتیش بۆ قوتابیانی پارێزگاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێت.
هەشت راسپاردەی دیدارەکە بریتین لە:
1- هاندانی پارت و لایەنە سیاسییەکان کە بەردەوامبن لە پشتیوانیکردنی دیالۆگ لەپێناو عێراقی دیموکراسی و فیدراڵی راستەقینە.
2- نابێت دیالۆگی هەردوو پێکهاتەی (شیعی - کوردی) وەک بابەتێکی سیاسی سەیربکرێت، بەڵکو دەبێت رۆڵی گەورە بدرێت بە پێکهاتەکانی دیکە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تاک و دامەزراوە ئاینییەکان.
3- ئەنجامدانی دیداری دووەمی هەولێر - نەجەف لە شاری نەجەفی پیرۆز لە چوارچێوەیەکی فراوانتر.
4- رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سەردانی دوولایەنە لەنێوان ناوەندەکانی توێژینەوە و دەستەبژێرەکان.
5- پێدانی دەرفەت بۆ زیاترکردنی ئاڵوگۆڕی بوارەکانی رۆشنبیریی، میدیایی و وەرزشی.
6- چالاککردنی پەیوەندیی ئابووری، بازرگانی، دارایی و بانکی لە چوارچێوەی کەرتی تایبەت.
7- دەرفەتدان بە قوتابیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی پارێزگاکانی عێراق بخوێنن، هەمان دەرفەتیش بۆ قوتابیانی پارێزگاکانی عێراق بڕەخسێت تاوەکو لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن، هەروەها تەرخانکردنی زەمالەی تایبەت بە خوێندنی زمانی کوردی بۆ ئەو مەبەستە.
8- رەخساندنی دەرفەتی دوولایەن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونی وانەبێژانی بوارەکانی ئایینی.
ئەمڕۆ (یەکشەممە 15-12-2019) لە هەولێر ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دیداری هەولێر - نەجەفی سازکرد کە تیایدا بە بەشداری ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی هەردوو پێکهاتە باسی ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و شیعە و پەرەپێدان و گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کرا.
