پارێزگاری هەولێر: دەبێ هاوکاریی هاوبەش هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان

پارێزگاری هەولێر: دەبێ هاوکاریی هاوبەش هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان
پارێزگاری هەولێر لە (دیداری هەولێر - نەجەف) گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، دەبێ هاوکاریی هاوبەش هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، کە تاوەکو ئێستاش مەترسیی گەوەرەن بۆسەر هەموومان. وەکو چۆن لە ڕێگەی قوربانیدانی ڕۆڵەکانمانەوە بەسەر بەناو دەوڵەتی خەلافەدا سەرکەوتین، دەتوانین بە هاوکاریکردن لەگەڵ یەک بەربەست لەبەردەم هەر مەترسییەک دابنێین، کە لە داهاتوودا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. هاوکات ڕێ لە دەستوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە کاروباری نێوخۆی عێراق بگرین و دوور لە ئەجێندای دەرەکی چارەنووسی خۆمان بە دەستی خۆمان دەستنیشان بکەین.

دەقی وتاری د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە (دیداری هەولێر – نەجەف):
ئامادەبووانی بەڕێز..
هەموو لایەکتان بەخێر بێن، سوپاسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداویش دەکەین بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی کردوویانە، بۆ ئاڵۆگۆڕی دیالۆگی عێراقی_عێراقی لەو قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازەی مێژووی عێراقدا.
بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان دەکەین، ئەوانەی لە نەجەفەوە هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ هەولێر. هەولێر شاری ئێوەیە، شاری ئاشتی و پێکەوەژیانە، لە نوێوە دەرگاکانی کردووەتەوە بۆ لەباوەشکردنی ئاشتەواییی نیشتمانی و دەستپێشخەری مێژوویی بۆ چارەسەری کێشەکانی پرۆسەی سیاسی و گەڕاندنەوە و دروستکردنەوەی متمانە لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.

ئێمە کە ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەتەوە، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لە شارەکانی عێراق تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، کە داوای چاکسازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و چارەسەری بێکاری و باشترکردنی پرۆسەی سیاسی دەکەن، بە شێوەیەک کە ببێتە مایەی سەقامگیری و پەرەپێدان. ئەو داواکاریانەی خۆپێشاندەران هەیانە، دەبێت بەپێی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان وەڵامیان بدرێتەوە.
بەدڵگرانی و خەمباریشەوە لە بەردەوامیی ئەو توندوتیژییانە و کردەی کوشتن دەڕوانین، کە تێیدا خۆپێشاندەرانی سڤیل و ئاشتیخواز و هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج. ئەو هەلە دەقۆزمەوە بۆ ئەوەی سەرەخۆشیی خۆمان لە دڵەوە بۆ کەسوکاری ئەو قوربانیانە دەرببڕین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە خۆپێشاندانی ئاشتیانە مافێکی دەستوورییە و لەسەر هەموو لایەنەکان پێویستە بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتمانیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بۆ ئەوەی ڕووداوەکان لە کۆنترۆڵ دەرنەچن و لەوە زیاتر خوێنی پاک نەڕژێت.
هەرچۆنێک بێت، دەبێ هاوکاریی هاوبەش هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، کە تاوەکو ئێستاش مەترسیی گەورەیە بۆسەر هەموومان. وەکو چۆن بەسەر بەناو دەوڵەتی خەلافەدا سەرکەوتین لە ڕێگەی قوربانیدانی ڕۆڵەکانمانەوە، دەتوانین بە هاوکاریکردن لەگەڵ یەک بەربەست لەبەردەم هەر مەترسییەک دابنێین، کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لە داهاتوودا. هاوکات ڕێ لە دەستوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بگرین لە کاروباری نێوخۆی عێراق و چارەنووسی خۆمان بە دەستی خۆمان دەستنیشان بکەین دوور لە ئەجێندای دەرەکی.


بەڕێزان..
سازکردنی ئەو دیدارە دەبێتە پێکهێنەری بەردی بنچینە بۆ بونیادنانی تێڕوانینی هاوبەش لەبارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی لەسەر بونیادنانی دەوڵەتی ئیتحادی و فیدراڵی بەپێی بنەمای یەکسانی هاووڵاتیبوون و دیموکراتی دەبێت، بە ئامانجی هەستانەوەی واقیعی کۆمەڵگە بۆ ئاستی هەرە بەها و پەیوەستبوون بە یەک. بەرژەوەندیی نیشتمانییش دەبێتە پێکهێنەری بنچینەی گرێبەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە دەبێت بەپێی چارەسەری سیاسی بێت و قابیلی جێبەجێکردن بێت لە ڕێگەی دەستپێشخەری و بۆچوونی جۆری چارەسەری کێشە هەنووکەییەکان بکات و ئاسەوارەکانی ڕابردووش ڕەش بکاتەوە و پەرەی پێ بدات بۆ بونیادنانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی یەکگرتوو و تەواوکار لە داهاتوودا.
ئومێدەوارین ئەو دیدارە چەندین ڕاسپاردە و دەستپێشخەریی لێ دەربچێت بۆ چەندان کێشە لەبارەی ئاسایش و ئابووری و وزە و گەشەپێدان و ئاشتەواییی نیشتمانی و ڕاستکردنەوەی ئاراستەی پرۆسەی سیاسی و میکانیزمی دەستووری و یاسایی کە ڕۆڵ ببینێت لە چارەسەرکردنیان و چارەسەری باش پێشنیار بکرێت.
ئومێدەواریشین لەو دیدارە چارەسەری ڕاستەقینە پێشکەش بکرێت کە لەسەر بنەما دەستوورییەکان بونیاد نرابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە نێوان هەرێمی کورستان و حکوومەتی فیدراڵی، سەرەڕای ئاشتەواییی نیشتمانی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق، تاوتوێکردنی گرنگی ئاشتکردنەوەی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت دەکەوێتە ئەوستۆی ئەو دیدارەو بەشداربووانی دیدارەکە، لێرە پێویستیمان بە دیدگایەکی نوێ و ڕێبازێکی جیاواز هەیە بۆ ئیدارەدان، متمانەی هاووڵاتی بۆ دەوڵەت و دامەزراوەکانی بگەڕێنێتەوە، سیاسەتی یەکەمیش بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی خزمەتگوزاری و دەستبەرکردنی هەلی کار و پەرەپێدانی هاوسەنگییە لە نێوان سەرجەم ناوچەکان و شەفافیەت لە ئیدارە و دابەشکردن.
ستایشی ڕۆڵی بەرزتان دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لەپێناو سەرکەوتنی ئەو دیدارە و ئاشتەواییی نیشتمانی سەرتاسەری و تەئکیدکردنەوە لەسەر برایەتی و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکان و مەزهەبەکانی عێراق.
Top