دادگای تاوانەكانی سلێمانی 13 بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بكوژانی شۆفێری تەكسییەكان دەردەكات
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەکشەممە 15/12/2019 ، ڕای گەیاندووە "ڕۆژی 12/12/2019 لەلایەن دادگای تاوانەكانی سلێمانییەوە، 13 بڕیاری لەسێدارەدان بۆ هەردوو تاوانبار (ئەحمەد عەبدوڵا حەدید) و (تۆفیق سلێمان قەحتان) دەرچووە كە ئەندامی ئەو باندە تاوانكارییەن شۆفێری تاكسیی نێوان كەركووك ـ سلێمانییان ڕفاندووە و بە شێوەیەكی دڕندانە كوشتوویانن".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە "هەر لە ئەمساڵی 2019 دا لەلایەن دادگای تاوانەكانی سلێمانییەوە بڕیاری لەسێدارەدان بۆ 3 كەسی دیكە لەو باندە تاوانكارییە دەرچووە".
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕوونی كردووەتەوە "ئەندامانی باندەكە لە ماوەی چەند مانگێكی ساڵی 2013 دا سێزدە شۆفێری تەكسیی نێوان كەركووك ـ سلێمانییان ڕفاندووە و بە دڕندانەترین شێوە كوشتوویانن و دوای بەدواداچوونی هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی توانراوە ئەو باندە مەترسیدارە دەستگیر بكرێت و بدرێنە دادگا".
باسنيوز
