هەرێمی کوردستان داوای کاراکردنەوەی ماددەی 140 لە بەغدا دەکات
لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکوەزیرانی نوێ شاندی کوردستان دەچنە بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پرۆژەیەکی ئامادەکردووە تا گفتوگۆی پێبکات لەگەڵ کاربەدەستانی بەغدا.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا دەڵێت "لیژنەیەک دروستکراوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، پێویستە ئەم لیژنەیە دەستبەکاربێت بۆ ئەوەی بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت، ئەوەی کە پەیوەستبێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەم ناوچانە، ئێمە لەسەر دوو ئاست پرۆژەیەکمان داوەتە بەغدا، ئاستێکی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئێستای کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکەیە لەڕووی سەربازی و ئەمنی و ئیداری و دیموگرافییەوە، ئاستی دووەم دەست بە جێبەجێکردنی ماددەی 140بکرێتەوە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرسە را و بۆچوونی پێکهاتەکانی لامەبەستە، عەرەب و تورکمانی کەرکووک دەیانەوێ بەر لە چوونە بەغدا کێشەکان لەنێوان پێکهاتەکان چارەسەربکرێ،
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەڵێت، ئەگەر گفتوگۆی پرسەکە لەنێوان هەولێر و بەغدابێت لە ئێستاوە شکست دەهێنێ و دەڵێت "چونکە ئەم پرسە پەیوەندی بە بەغداوە نییە، ئەم پرسە پەیوەستە بە پێکهاتەکانی کەرکووکەوە، باشتروایە ئێمەی عەرەب و تورکمان لەگەڵ کورد رێکبکەوین یەکەمجار، دواتر بچینە بەغدا و بڵێین ئەمە چارەسەرمانە".
بەر لە خۆپیشاندانەکانی عێراق، شاندی پارتی و یەکێتی بە پرۆژەیەکی چارەسەری پرسی کەرکووکەوە چوونە بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەی زۆریان ئەنجامدا، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی بەدواوە نەبوو، ئەم پرۆژە چارەسەرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە دەستپێکی هەوڵێکی نوێ بۆ ئەو مەبەستە.
