سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوادەکات هەموو کەس سەرنج و پێشنیازەکانی بۆ بنێرن

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوادەکات هەموو کەس سەرنج و پێشنیازەکانی بۆ بنێرن
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەڵمەتێکی بۆ پشتگیریی لە بەرهەمی نێوخۆیی راگەیاند و پێشوازی لە هەموو دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵمەتەکە، داواش لە هەموو لایەک دەکات سەرنج و بۆچوونەکانیان لەبارەی پرۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان بنێرن.

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بۆ پشتیوانیکردن لە بەرهەمی نێوخۆیی بەشداری لە کۆنفرانسی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاند "بەگشتی پێشوازی لە هەموو دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی و هاوکاردەبین لە دەرکردنی باشترین یاسا بۆ ئەو مەبەستە و هەموو کات دەرگامان کراوەیە".

ئەمڕۆ (شەممە 14-12-2019) کۆنفرانسی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی را و سەرنجی پسپۆڕان و شارەزایانی یاسایی و ئابووری لەبارەی پرۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوایەک ئاراستەی هاونیشتمانیان دەکات و رایدەگەیێنێت "هەموو لایەک ئاگاداردەکەیەنەوە کە هەر سەرنج و بیروڕایەکیان هەیە سەبارەت بە پرۆژەیاساکە بەم هاشتاگە (#پشتیوانی_لە_بەرهەمی_خۆماڵی) لەگەڵمان بێت".

رێواز فایەق داوادەکات پرۆژەکە بکرێتە پرۆژەیەکی نیشتمانی و دەڵێت "با ئەم پرۆژەیە بکەینە پرۆژەیەکی نیشتمانی و ئێمەش بتوانین زەمینەسازی بکەین بۆ پەسەندکردنی یاسایەکی تێروتەسەل".
Top