سەرۆک بارزانی پشتیوانی بۆ پڕۆژەکانی حکوومەت لە بابەتی چاکسازی و باشترکردنی دۆخی پێشمەرگە دەربڕی

سەرۆک بارزانی پشتیوانی بۆ پڕۆژەکانی حکوومەت لە بابەتی چاکسازی و باشترکردنی دۆخی پێشمەرگە دەربڕی
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14/12/2019 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسی دەستەی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەر سێ سكرتاریەتی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان كۆبووه‌وە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە، هەروەها ئاماژەی بە تەحەدییاتی بەردەم گەلی كوردستان و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەیانی دا. سەرۆك بارزانی هێمایشی بە ڕۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا لە پاراستن و بەرگریكردن لە كوردستان و ڕایگەیاند كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا خەڵكی كوردستان پاداشی هەڵوێستەكانی پارتییان دایەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژە و بەرنامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بابەتی چاكسازی لە بوارە جیاجیاكان، هەروەها ڕێكخستنەوە و باشتركردنی دۆخی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی و بە هەنگاوێكی گرنگی بۆ پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانی لە قەڵەم دا.

لە بەشێكی دیكه‌ى ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی و بایەخی ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و قوتابییان و لاوان، جەختی پێشەنگبوونی ڕۆڵی ئافرەتان و قوتابییان و لاوان لە هەموو گۆڕانكاری و پێشڤەچوونێك كردەوە.

سەرۆك بارزانی هه‌روه‌ها پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ داوكاریی لاو و قوتابی و ئافرەتان ڕاگەیاند و داوایشی كرد كە ئەو سێ ڕێكخراوە گرنگە بۆ ئەو پڕەنسیپانە بگەڕێنەوە كە لە پێناویاندا دامەزراون.












باسنيوز
Top