باوكى ئامانج بابانى: ڕۆژى هه‌زار کەس تیا بچێت شاسوار عه‌بدولواحید به‌ خه‌یاڵیدا نایه‌ت

باوكى ئامانج بابانى: ڕۆژى هه‌زار کەس تیا بچێت شاسوار عه‌بدولواحید به‌ خه‌یاڵیدا نایه‌ت
باوکی پێشکەشکارێکی کوژراوی کەناڵی (NRT) کە شاسوار عەبدولواحید خاوەندارێتی دەکات، ڕەخنەی توند لە خاوەنی کەناڵەکە دەگرێ و رای دەگەیەنێت کە ئەگەر ڕۆژی هەزار گەنج تیا بچێت، ”بە خەیاڵیدا نایەت“.

محه‌مه‌د نوورى، باوكى ئامانج بابانى، ڕايگه‌یاند: "كه‌یسى گیان له‌ده‌ستدانى ئامانج بابانى و هاوسه‌ر و منداڵه‌كه‌ى دانەخراوە و لاى پۆلیس ماوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ ده‌كرێت، بێگومان ئێمەش هه‌رگیز ئه‌و كه‌یسه‌ داناخه‌ین و به‌دواداچوونى جددى بۆ ده‌كه‌ین، تا ئه‌و كاته‌ى ده‌گه‌ین به‌ ده‌ره‌نجامێك“.

ڕوونیشی کردەوە: "سەرجەم کەلوپەلەکان و ئۆتۆمبێلەکەی ئەو دوو هاوسەرەش تاوەکوو ئێستا لەلایەن پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە".

ده‌رباره‌ى هەڵوێستی شاسوار عه‌بدولواحید و کەناڵەکانی له‌سه‌ر ئەو ڕووداوەی بەسەر ئامانج بابانیدا هات، باوكى ئامانج گوتی: ”شاسوار عه‌بدولواحید كابرایه‌كه‌ گرنگى به‌ پاره‌ و سیاسه‌ت ده‌دات، ڕۆژى هه‌زار كه‌س تیا بچێت ئه‌و به‌ خه‌یاڵیدا نایه‌ت“.

باسیشی لەوە کرد کە ئامانجی کوڕی ”ساڵانێكى دوور و درێژ له‌ كه‌ناڵى ئێن ئاڕتى كارى كردووه‌، کەچی تاكوو ئێستا شاسوار عه‌بدولواحد ته‌له‌فۆنێكى بۆ نه‌كردووم، هەرچەندە پێمان خۆش بوو سه‌ردانێكى بكردینایه‌ یان ته‌له‌فونێكى بۆ بكردینایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌كه‌ى ئامانج بابانى بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه‌ و قسه‌ ناكات“.

ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە گەرمی باسیان لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەکرد، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆری خاکی کوردستان کەوتە دەست حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان، کەناڵی (NRT) هەواڵی تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵەکەیانی بڵاو کردەوە.

دواتریش هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، میدیاکانی شارەکە و ئەو ڕێکخراو و گرووپانەی کە لە سلێمانین، زۆربەی هەرە زۆریان رایان گەیاند کە ئامانج بابانی خۆی، هاوسەر و منداڵەکەی کوشتووە و دواتر خۆیشی کوشتووە، پۆلیس چەند تۆمارێکی ڤیدیۆییشی بڵاو کردەوە، بەڵام هێشتا زۆر لە میدیاکان و کەسوکاری ئامانج بابانی، ئەو بەڵگانەی پۆلیس باسیان دەکات بە "یەکلاکەرەوە" نازانن، هێشتا بەشێک لە خەڵکی کوردستان گومان لە ڕووداوی کوژرانی ئەو خانەوادەیە دەکەن.













باسنيوز
Top