لە سۆران دەست بەسەر بڕێكی زۆر خۆراك و كاڵای ماوەبەسەرچوودا گیرا
رێبوار مەحموود، بەرپرسی لێژنەی ئابووریی قایمقامیەتی قەزای سۆران، رايگەیاند: "لە درێژەی كار و چالاكییەكانی لێژنەكانمان، بۆ نەهێشتن و لەناو بردنی كاڵا و خۆراكی ناشیاو ماوەبەسەرچوو، ئەمڕۆ شەممە 14/12/2019 لە هەڵمەتێكدا بۆ سەر دووكان و فرۆشگە و ماركێتەكانی بازاڕی سۆران و گەڕەكەكانی شار، توانرا دەست بەسەر بڕێكی زۆر كاڵا و خۆراكی ماوەبەسەرچوودا بگیرێت، هەروەها چەند دووكاندار و خاوەن كارێكیش بانگێشتی لێژنە كران، بەمەبەستی سزادانی یاسایی و پێدانی رێنماییەكانی لێژنەكانمان".
گوتیشی: "مەبەست لە پشكنین و چاودێری و بەدواداچوونەكانی لێژنەی ئابووریی قایمقامیەتی سۆران، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیانە و هەر شوێنێك پابەندی ڕێنماییەكان نەبێت، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەكانیان دەگیرێتە بەر".
باسنيوز
