بەرپرسێکی پارتی: حەوت هاووڵاتیی کورد له‌ خۆپیشاندانەکانی به‌غدا کوژراون

بەرپرسێکی پارتی: حەوت هاووڵاتیی کورد له‌ خۆپیشاندانەکانی به‌غدا کوژراون
به‌رپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان له ‌به‌غدا باس له ‌دۆخی شاره‌که‌ ده‌کات و ئاشکرای دەکات، لە خۆپیشاندانەکانی شاری بەغدای پایتەختی عێراقدا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو، حەوت هاووڵاتیی کورد کوژراون.

شوان محه‌مه‌د ته‌ها، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی ڕايگەیاند: ”حەوت کەس لە خۆپیشانده‌رانی به‌غدا که‌ کوژراون، کوردن و له ‌به‌غدا نیشته‌جێن، یه‌کێک له‌وان‌ ئافره‌ت بووە‌ که‌ به ‌دڕندانه‌ترین شێوه‌ کوژراوه"‌.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئه‌وه‌شی خسته ‌ڕوو: "ژماره‌یه‌کی زۆر بریندار هه‌یه‌ له‌ نێویاندا کورد زۆره‌ که‌ دوای ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ کراون، دواتر به‌شێکیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه نێو خۆپیشاندەران".

راشی گه‌یاند: "دۆخی سیاسیی عێراق ئاڵۆزه‌ و داواکاریی خۆپیشانده‌ران زۆر بووه"‌.

لە ماوەی دوو مانگی خۆپیشاندانە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، زیاتر لە 450 خۆپیشاندەر کوژراون و هاوکات زیاتر لە 20 هەزار کەسیش بریندار بوون و بە سەدان کەسیش دەستگیر و بێسەروشوێن بوون.













باسنيوز
Top