رۆژی دووشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

رۆژی دووشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە
ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و ئەگەر هەیە یەکێک لە تەوەرەکانی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی پەرلەمان، خوێندنەوەی یەکەم بێت بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازی.

کەمێک لەمەوبەر، ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بانگهێشتی سەرجەم پەرلەمانتاری کرد بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ژمارە ١٠ی ئاسایی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.

دانیشتنەکە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ١٢ی ٢٠١٩ بەڕێوە دەچێت و پێشبینی دەکرێت تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازی بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی ١٢ی ٢٠١٩، پڕۆژەیاسای چاکسازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە ڕێگەی ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا.

لە دانیشتنی دوێنێ چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیران بەڕێوە چوو، پڕۆژەیاسای چاکسازی بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.













باسنيوز
Top