باڵی سیاسیی هەسەدە: ئەردۆغان پلانێکی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان جێبەجێ دەکات
هاوسەرۆکی باڵی سیاسیی هیزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، کەسەرۆک کۆماری تورکیا پلانێکی نێودەوڵەتی لە دژی رۆژئاوای کوردستان جێبەجێ دەکات.
ریاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی (مەسەدە)ی باڵی سیاسیی هەسەدە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ئێران و رووسیا رێککەوتووە لەسەر هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان.
ریاز دەرار پێی وایە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان، کە ئەو بە (باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا) ناوی کردووە، لە کۆبوونەوەکانی ئاستانە و جنێڤ بۆ ئاشتەوایی لە سووریا، بڕیاری لەسەر دراوە.
هاوسەرۆکی مەسەدە جەختی لەوە کردەوە، کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بێدەنگیی واشنتن لەبارەیانەوە، وای کرد رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاری هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان بدات.
ریاز دەرار ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەمریکا و رووسیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، چاوپۆشیی لە تورکیا دەکەن و بەمەش تەنیا ئەنقەرە سوومەند دەبێ لە بارودۆخەکە.
هاوسەرۆکی مەسەدە پێی وایە تورکیا دەیەوێ دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت، بەڵام خەڵکی لە داهاتوودا بە بنەمای بەرگریی لەخۆکردن، ئەو ناوچانە لە سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا وەردەگرنەوە.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستی پێ کرد و دەستیان بەسەر بەشێکی رۆژئاوای کوردستاندا گرت.
باسنيوز
