دەنگۆی میدیای لاهوور جەنگی لەبارەی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران بەدرۆ دەخرێتەوە

دەنگۆی میدیای لاهوور جەنگی لەبارەی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران بەدرۆ دەخرێتەوە
هێشتا پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ پەرلەمان نەنێردراوە، ئەوانەی کە لە پڕۆژەکە زەرەرمەند دەبن، کەوتوونەتە دژایەتیکردنی و میدیای لاهوور جەنگیش لەم چوارچێوەیەدا هەندێک زانیاریی بڵاو کردووەتەوە کە ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەدرۆی دەخاتەوە.


لە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی ١٢ی ٢٠١٩ەوە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەستی پێکردووە و هەروەک ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ڕایگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەیاسای چاکسازی پەسەند دەکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت.


لەمبارەیەشەوە میدیای لاهوور جەنگی هەواڵێکیان لە زاری پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتییەوە بڵاو کردووەتەوە و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا پێشنیازی کەمکردنەوەی دەرماڵە و مووچەی فەرمانبەرانی کردووە.

لە بەرامبەردا ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هێشتا ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای چاکسازی بە دەست هیچ کەس و پەرلەمانتارانیش نەگەیشتووە.

جەختیشی کردەوە کە پڕۆژەیاساکە بۆ ڕێکخستنی دەرماڵەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و ”بەو مانایە نییە کە مووچەی فەرمانبەران کەم بکرێتەوە و بە هیچ شێوەیەک مووچەی فەرمانبەران دەستکاری ناکرێت“.

دووپاتیشی کردەوە، بەهۆی ئەوەی کەس ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەی نەدیوە، ”ئەوانەی قسە لەسەر ئەم پڕۆژەیاسایە دەکەن“، قسەکانیان ڕاست نییە و دەیانەوێت ڕێگە لە تێپەڕاندنی بگرن.

لە ژمارەی دوێنێ سێشەممە ٤٥٧ی هەفتەنامەی (باس)دا ئەوە بڵاو کراوەتەوە، پرۆژەی (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق)، كە وەک باس دەکرێت لە پتر لە ٢٠ ماددە پێكهاتووە، بڕیار بوو ١٥ی ١١ی ٢٠١٩، دوا وادەی کاری ئەو لێژنەیە بێت کە ئیشی لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە کردبوو و نوێنەری هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکوومەتیشی تێدایە، بۆیە وا چاوەڕوان دەکرا هەفتەی رابردوو، هەر لەگەڵ تەواوبوونی، بۆ گفتوگۆی کۆتایی و پەسەندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا، بڕیاری یەکجاریی لێ بدرێت و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناڕازیبوونی لایەنێکەوە راگیرا. بۆیە ئەم هەفتەیە، یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بە پێداگریی سەرۆکی حکوومەت، دوا وادەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە چیتر رانەگیرێت و ببردرێتە ناو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەسند بکرێت تاکوو ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.









باسنیوز

Top