پارێزگاری هەولێر: لادانی زێدەڕۆییەکان لەماڵی بەرپرس و دەستڕۆیشتووەکانەوە دەستپێدەکەین
د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند "هەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆیی بۆسەر ئاو، کارەبا و زەوییەکان لە خەڵکی بەرپرس، دەستڕۆیشتوو و کەسانی سەربازییەوە دەستپێدەکەین، نەک وەکو ئەوەی دەڵێن لە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەستپێدەکات. دەمانەوێت ئەوەی لەتواناماندابێت ئەوپەڕی دادپەروەری لەوشارە دابین بکەین".
فرسەت سۆفی ئەوەیشی گوت "لەبابەتی زێدەڕۆیی لەسەر زەوییەکان، جاران ئەگەر هەنگاوێک چووبینە پێشەوە، ئێستا 100 هەنگاو چووینەتە پێش. بەڕادەیەک تووندین و ئیجرائاتمان کردووە کە باوەڕدەکەم ئێستا بەتەواوی سنوورمان بۆ زێدەڕۆیی لەسەر زەوییەکان داناوە. داواش لە هاووڵاتییان دەکەین ئەگەر هەر حاڵەتێکی زێدەڕۆییان بینی ئاگادارمان بکەنەوە".
پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات "لەسەرەتای ساڵی نوێ هەڵمەتێکی بڕینی زێدەڕۆیی بۆسەر کارەبا دەستپێدەکەین و جیددین لەوەی هەموو ئەو کارەبا دزراوەی هەیە و ئەوانەشی پێوەر نابەستن لەدوای ئەو ماوەی دیاریمان کردووە لێپرسینەوە یان لەگەڵ بکەین. تەنانەت ئەو بڕیارەشی بۆ بێدەنگکردنی مووەلیدەکان داومانە لەسەری سوورین".
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی گوت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەندێک خزمەتگوزاری دیکە دەکرێن بۆ بەرژەوەندی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستاندان، هەر لە کردنەوەی رێگەکان، هەڵگرتنی بەربەستەکان لەبەردەم دائیرە و ماڵی بەرپرسەکان و چەند پرۆژەیەکی دیکە.
لەبارەی کارەکانی شەقامی 120 مەتری هەولێر، فرسەت سۆفی باسی لەوەشکرد، شەقامی 120ـی پێش کۆتایی ساڵی 2019 هەمووی کۆتایی دێت و دەکرێتەوە. پرۆژەی شەقامی 150 مەتریش چەند قۆناخێکە و ئێستا تەنها قۆناخی یەکەمی کارەکان دەستی پێکراوە. ئیشوکارەکان بەڕێکی دەڕوات و لەو ماوەیەی لە گرێبەستەکە بۆی دانراوە تەواودەبێت".
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی لەبارەی کردنەوەی توونێلی مەسیف (پیرمام) دا و گوتی "دڵنیاتان دەکەمەوە پێش بەهاری 2020 تونێلی مەسیف (پیرمام) دەکرێتەوە و کارەکانی لە قۆناخی کۆتاییدایە".
لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ قایمقامەکانی هەولێر و دەستەی وەبەرهێنان پەیوەست بە پرسی وەبەرهێنان و پرۆژەکان، فرسەت سۆفی رایگەیاند "لەگەڵ د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و سەرجەم قایمقامیەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەیوەندار بە وەبەرهێنان کۆبوونەوەیەکی هاوبەشمان کرد. قایمقام و بەڕێوەبەرە گشتییەکان راسپێردران لەماوەیەکی دیاریکراو ئەو زەوییانەی لە سنوورەکانی ئەواندا هەن و بەوانەشی کێشەیان تێدایە دیاری بکەن تاوەکو بزانین چۆن بتوانین چارەسەریان بکەین و بەشێکی لەچوارچێوەی قانوونی وەبەرهێنان و بەشێکیشی بە ئەنزیمە و رێنمایی چارەسەربکرێن. هەموو ئامادەکارییەک بکەین بۆئەوەی بە ئاراستەیەکی نوێ لە سنووری پارێزگای هەولێر هانی وەبەرهێنان بدەین".
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی دووپاتکردەوە، کاری لەپێشینەی ئەوان پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پرۆژەی ستراتیژیان بۆ ئەو بوارانە دەبێت.
