دوو هەزار پێشمەرگە خولی راهێنانی هاوپەیمانان تەواودەکەن
لە ریزی راهێنانەکاندا کچە پێشمەرگەکانی زێرەڤانی زۆربەیان ئێزدین، شانبەشانی پیاوان بە حەز و خولیایەکی تایبەت رۆژانە نزیکەی 10 کاژێر راهێنانەکان ئەنجامدەدەن. ئەوان دەڵێن ژنبوون نەبووەتە بەربەست لەبەردەم لەئەستۆگرتنی ئەو پیشە سەختە.
رۆژانە لە بنکەکاندا دوایین تاکتیکە سەربازییەکان لەسەر شێوازەکانی هێرشبردن، بەرگریکردن و پاراستی سەلامەتی پیشەیی بەشێوەی مەیدانی کاریان لەسەر دەکرێت. پێشمەرگەکان دەڵێن راهێنانەکان زانست و تواناکانیان زیاتردەکەن.
هێزەکانی هاوپەیمانان لە خولەکاندا دوو مانگ جارێک نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگەی زێرەڤانی رادەهێنن و دەڵێن، ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی پێشمەرگەکانە لە بواری زانستی سەربازی و ئامادەکردنیانە تاوەکو وزە و تواناکانیان بە باشترین شێوە ببێتە تاکتیک و شێوازی شەڕکردن و بەرگری.
کۆلۆنێل گویسیپە لیڤاتۆ، فەرماندەی ناوەندی هاوئاهەنگیی راهێنانی کوردستان گوتی "لێرە پێشکەوتنێکی بەرچاو دەبینم لە پێشمەرگەکاندا و حەزێکی زۆریان تێدایە بۆ فێربوون. جیا لەوەی کە لە چ بەشێکەوە هاتبن، چ زێرەڤانی یان بەرپەرچدانەوەی خێرا. من زۆر لێیان رازیم، ئەوان زۆر ئامادە و بەتوانان".
کۆلۆنێل مایەڵز کاگنس، گوتەبێژی فەرمی فەرماندەیی هێزی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سووریا دەڵێت "ئێمە لێرە راهێنانی هێزی پیادەی سەربازیمان هەیە، هەروەها راهێنانی پاراستنی سەلامەتی بۆ ژنانی پێشمەرگە ئەنجامدەدەین و چەندین راهێنانی دیکەش، وەکو هێرشی بایۆلۆجیکی و کیمیایی. هەموو ئەم راهێنانانە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان کە لە چەندین وڵات پێکهاتوون ئەنجامدەدەرێن".
هێزی هاوپەیمانی دژ بە داعش لە عێراق و سووریا لە ساڵی 2014 بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەلایەن 81 وڵاتەوە دروستکراوە. لە سەرەتای دروستبوونیەوە یەکێک لە کارەکە سەرەکییەکانی مەشق و راهێنان بووە بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
