بەشێک لە دەروازەی قەیسەریی كۆنی كفری داڕما

بەشێک لە دەروازەی قەیسەریی كۆنی كفری داڕما
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە بەشێكی زۆر لە دەروازەی بەغدادی قەیسەریی كۆنی كفری ڕووخا.

عوبێد محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری شوێنەواری كفری، ڕایگەیاند: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 8/12/2019 بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، بەشێكی زۆر لە دەروازەی بەغدادی قەیسەریی كۆنی كفری داڕووخاوە".

گوتیشی: "قەیسەرییەكە سێ دەروازەی هەیە، كە دەروازەكانی ڕۆژهەڵات و سلێمانی و بەغدادن، دەروازەكانی ڕۆژهەڵات و سلێمانی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووخاون و تەنها دەروازەی بەغداد ماوەتەوە، ئەمڕۆ بەشێكی زۆری ئەو دەروازەیەش داڕووخا كە نزیكەی 6 دووكان بووە".

ئاماژەی بەوەش دا: "ئێستا دوو بەشی دەروازەی بەغدادی قەیسەرییەكە ماون و ئەوانیش بەهۆی باران بارینەوە مەترسیی ڕووخانیان زۆرە".

قەیسەریی كفری یەكێكە لە قەیسەرییە گەورە و گرنگەكانی باشووری كوردستان، مێژووەكەی بۆ سەدەی نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە، ژمارەیەكی زۆر دووكانی هەبووە و جگەلە چەندین خان (خانی خەڵووز، خانی مەلا عەباس ناسراو بە خانی گەنم و خانی موحسین ئاغا) قەیسەرییەكە كۆمەڵێك یەكەی بیناسازیی ناوازە و جوانی بۆ كراوە وەك گومەزی و تاقی كەوانەیی جۆراوجۆر و دەروازەی فراوان و تونێلی، هەروەها سیستەمی خان و بینای دوو نهۆمی سەرنجڕاكێش و زۆرێكی‌تر".










باسنیوز


Top