وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی ساختەکردنی نووسراوێکی وەزارەتەکە سکاڵای یاسایی تۆمار کرد
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە تێدا هاتووە، "داواکاری یاساییمان پێشکەش بەدادگا کرد، بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەری ساختەکردنی نووسراو بەناوی وەزارەت و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کەبەمەبەستی هاوردەکردنی دووگ (دوونگی) بەستوو نوسراوەکە ساختەکرابوو".
دوێنێ وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لە روونکردنەوەکەدا رایگەیاندبوو، "کەسێکی ساختەکار، بە نووسراوێکی ساختە هەوڵی هاوردەکردنی بڕێکی یەکجار زۆر دوگ (دوونگی مەڕ)ی بەستووی داوە، کە زیاتر لە ۱۰ ساڵە هاوردە کردنی بە گوێرەی یاسای کەرەنتینەی ڤێتەرنەری لە سەرتاسەری عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە قەدەغەیە".
روونیشیکردبووەوە، کە نووسراوەکە لەسەر کڵێشەیەکی ساختە و دروستکراو کە جگە لە ساختەیی کڵێشەکە و لەیەکنەچوونی لەگەڵ کڵێشەی وەزارەتمان، دەقی نووسراوەکەش پڕە لە هەڵەی تەکنیکی و ئیداری زەق، هەر وەها ئیمزای ساختە بە ناوی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو خراوەتە سەر نووسراوەکە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ کراوە.
باسنيوز
