مەسرور بارزانی: داعش هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق
ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٩/١٢/٧، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆز جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد و گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا و ناوچەکە کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامبوونی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق کرا و جەیمس جێفری پابەندبوونی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردنی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد لە بەرامبەر دووپاتکردنەوەی پشتگیریی لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا، کە داعش هێشتاش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و هەماهەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی رێکخراوە تیرۆریستەکان.
باسنيوز
