باهۆز ئەرداڵ: یەپەگە و ئیدارەی خۆسەر نەبووایە ڕژێمی بەشار ئەسەد لەناو دەچوو
باهۆز ئەردەڵان، یەکێک لە بەرپرسانی بڕیاردەریی ناوەندیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای فەرمیی حزبەکە، باسی لە فیدراکاریی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی هێرشەکانی تورکیا کردووە. هاوکات باسی لەوە کردووە کە جێگەی چارەسەرکردنی پرسی کورد و ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریا، ”شامە“.
ئەو سەرکردەیەی پەکەکە پێیوایە کە دەبێت حکوومەتی سووریا خۆی لە فۆبیای کورد دەرباز بکات و گوتی: ”ئەو پروپاگەندانەی دەڵێن کورد جیاخوازن و دەیانەوێت سووریا پارچە بکەن، یان سەر بە هێزی دەرەکین، ڕاست نین. پێش شۆڕش و دوای شۆڕشیش کوردانی ڕۆژئاوا نیشانیان داوە کە هیچ هەنگاوێک بۆ پارچەکردنی سووریا نانێن. سەرۆکایەتیی ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ گەلی عەرەب و پێکهاتەکانی ناوچەکە کۆک بوون“.
ئەرداڵ داوای لە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد کردووە، ئیدارەی خۆسەر وەک نەیارێکی خۆی سەیر نەکات. هاوکات ئاماژەی بەوە داوە کە تورکیا دەیەوێت ناکۆکی لە نێوان کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕژێمی سووریادا هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرکردەکەی پەکەکە باسی لەوە کردووە کە تورکیا نیازی ئەوەی هەیە سووریا داگیر بکات، بۆیە ”دەبێت کورد و حکوومەتی ناوەندیی شام تێکەڵیی نێوانیان باشتر بکەن“.
باهۆز ئەرداڵ باسی ڕۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە باڵێکی پەکەکەیە لە سووریا دەکات لە مانەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد و دەڵێت: ”ئەگەر یەپەگە و ئیدارەی خۆسەر درووست نەکرایە، ئێستا شتێک بە ناوی ڕژێمی سووریا نەدەما“.
بۆیە داوایەک لە بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی دەکات و دەڵێت: ”هەڵوێستی کورد (مەبەست لێی گرووپەکانی سەر بە پەکەکەیە) هۆکاری هەرە گەورەیە کە ئەمڕۆ سووریا نەکەوتووەتە دەست دەوڵەتی تورکیا یان هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، بۆیە پێویستە ڕژێمی سووریا سوپاسی یەپەگە بکات.
باسنيوز
