جهیمس جێفرى: پێویستمان بە ڕاوێژ و هاوكاریی سەرۆك بارزانییە
ئهمڕۆ شەممە 7/12/2019 لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جهیمس جێفرى و شاندێكى یاوهری كرد، لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا، ستاییشی ئەو ئارامی و گەشەسەندنەی كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا لە ئارادایە و جەختیشی لە پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا، سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد بەهۆی شەهیدبوونی ژمارەیەك پێشمەرگە لە پەلامارەكانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەردوولا تەئكیدیان لە هەماهەنگیی و كاری هاوبەشی سوپای ئەمریكا و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پەرەسەندنەكان لە پرۆسەی سیاسی و داواكاریی خۆپێشاندەران تەوەرێكی دیكهی ئەو دانیشتنە بوو، هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە پەرەسەندنی توندوتیژی و تێكچوونی سەقامگیریی عێراق نیشان دا، كە كاریگەریی لەسەر خۆڕێكخستنەوە و زیادبوونی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بەجێ بهێڵێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، دوایین گۆڕانكارییەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هاوكێشە مەیدانییەكان تاوتوێ كران، جەخت لەوەش كرایەوە كە لە هەر گۆڕانكارییەكدا پێویستە ڕێگە لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەكە بگیرێت و چیتر ڕێگە نەدرێت گەلی كورد لە سووریا تووشی ئێش و ئازار و ئاوارەیی ببێت.
پەیوەست بە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا ڕای گەیاند كە پێویستیمان بە ڕاوێژ و هاوكاریی سەرۆك بارزانییە.
باسنيوز
