پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی سووتاندنی خێزانەکەوە نامەیەک دەداتە کونسوڵخانەی ئێران

پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی سووتاندنی خێزانەکەوە نامەیەک دەداتە کونسوڵخانەی ئێران
خێزانێكی هەڵەبجەیی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی سەردانی وڵاتی ئێران دەكەن، بەڵام لەلایەن باندێكیەوە دەرمانخوارد دەكرێن، ئەو پارەو زێرەی پێیان بوە دەیبەن و دواتر دەیانسووتێنن.

هێمن باقی، چناری خێزانی و خەسووی لە ماوەی مانگی رابردوودا سدووجاری دیکە سەردانی ئێرانیان كردوە و ویستویانە منداڵی بلووری دابنێن.


حەمیدە حەمەئەمین، دایکی ھێمن گوتی "زۆر ناخۆشە. چی ھەیە ئەوەندە ناخۆشبێت کە لە وڵاتی خۆتدا نەبیت؟! دەستمان پێیانناگات. ھێمن بێدڵیی نەدەکردم، بۆ ھەموشوێنێکی دەیبردم. ئەو ئەجری دایک و باوکی دەزانی. خوای گەورە ھەقمان بسێنێت و ئەوانیش ئەو ئازارە بچێژن".

برای هێمن چیرۆك و چۆنیەتیی رووداوەكە دەگێڕێتەوە و ئەوەش ئاشكرادەكات کە باندەكە دەستگیركراون و لە دوو پیاو و ژنێك پێكهاتوون. ئێستا لەلای هێزەئەمنییەكانی ئێران بەندكراون.

موحسین باقی، برای ھێمن ئاماژە بەوە دەکات "لە ئۆتۆمبێلدا چەند کەسێک دەبنە ھاوڕێیان. ئەمانیش باوەڕیان پێدەکەن و دەڵێن، "بۆ لای دکتۆر دەچین بۆ چارەسەر". ئەوانیش دەڵێن، "دەبێت ئەمشەو لەلای ئێمە بن و سبەی ھەستن بڕۆن بۆ لای دکتۆر". شەو قاوەیان بۆدێنن، براکەم و براژنم دەیخۆن و دەبورێنەوە، خەسوی براکەم چەقۆی لێدەدەن و پارەی زۆریان پێدەبێت، شتەکانیان دەبەن و جەوازەکانیشیان لەناوچووە. دواتر دەیانبەن دوو کاژێر دوور لەو جێگایە فڕێیان دەدەن و بەنزینیان پێدا دەکەن و دەیانسووتێنن".

براکەی هێمن دەشڵێت "ئەو سێ کەسەی تاوانەکەیان کردووە، دەستبەسەر کراون کە ئافرەتێک و دوو پیاون. ھەر ئەوانەن کە میواندارییان لێکردوون و دڵسۆزیی خۆیان نواندووە. داواکارم لەخەڵکی باشووری کوردستان نە بۆ گەشتیاری نە بۆ چارەسەری نەخۆشی نەچن بۆ ئێران؛ لە خاکەکەی خۆیاندا بمرن زۆر لەوە باشترە".

لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجەش بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاكە هاتوونەتە سەر هێڵ و جێگری پارێزگار نامەیەك ئاراستەی سەركونسوڵی ئێران لە سلێمانی دەكات.

کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە راگەیاند "پەیوەندیمان بە کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی کردووە. نیگەرانیی خەڵکی ھەڵەبجە و باسکردنی رووداوەکەمان ئاراستەکردن کە ئەمە گرفتێکی گەورەیە ھەم بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ھەم بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانم بەتایبەت پارێزگای ھەڵەبجە".

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم رووداوە دڵەراوکێی بۆ ئەوانە دروستکردووە کە بە نیاز بوون سەردانی ئێران بکەن، هەروەها بۆ ئەوانەیشی کە ئێستا لەوێن. بەرێز سەرکونسوڵ بەڵێنی ئەوەی پێداین کە ھەرئەمرۆ لێکۆڵینەوەکان دەستپێدەکەن و پەیوەندی بە بەرپرسانی پارێزگای ورمێوە دەکەن و ھەر ئەمرۆ روونکردنەوەی پێویستیان دەبێت".

بەپێی زانیارییەكان خێزانە هەڵەبجەییەكە لە نەخۆشخانەی ورمێ لەژێر چاودێریی ورددان و 40%ی لەشی هێمن و 90%ی لەشی چناری خێزانی سووتاوە، خەسووی هێمنیش بە چەقۆ لێیدراوە و لەژێر چارەسەری پزیشكیدایە.
Top