وەزارەتی دارایی: بەرپرسیارێتیی مووچە پاشەکەوتکراوەکان لە ئەستۆ دەگرین
دەقی روونکردنەوەکە:
ئەمرۆ پێنج شەممە 05-12-2019 لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەبارەی ڕێکكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بەسترا و سەرۆكی شاندەكە و ئەندامانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ دۆسیەی بوودجە و نەوت ئەنجامی ڕێکكەوتنی شاندی هەرێمی كوردستانیان بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشكرا كرد.
لە چوارچێوەی كۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەكەدا ڕۆژنامەنووسێكی بەرێز پرسیاری ئەوەی لە سەرۆكی شاندەكە كرد كە حكومەت سێ مووچە قەرزداری مووچەخۆرانی كوردستانە، ئاشكرایە مەبەستی ڕۆژنامەنووسە بەرێزەكە "سێ مووچەی تەواو بوو"، بەڵام سەرۆكی شاندەكە زانیارییەكەی بۆ ڕاستكردەوە كە سێ موچە نییە، بەڵكو مووچەی هەشت مانگی فەرمانبەران و 12مانگی خانەنشینان قەرزدارە. هەروەها نە ڕۆژنامەنووسەكە و نە جەنابی وەزیر هیچ ئاماژەیەكیان بە مووچە ناتەواوەكان نەداوە كە بە ڕێژەی جیاواز بە پاشەكەوت دابەشكراون.
بەداخەوە هەندێك كەس بە ئاگایی یان بە بێئاگا ڕاستییەكان دەشێوێنن و دەیانەوێت لە بەهای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی شاندی هەرێمی كوردستان كەمبكەنەوە. پێتان ڕادەگەیێنین، سەرباری ئەوەی مووچە نەدراوەكان و پاشەكەوتەكانی مووچەش هەرچەندە لەسەردەمی ئەم كابینەیەدا نەبوون، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرپرسیارێتیی هەموویان لە ئەستۆ دەگرن.
