نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە

نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە


فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەکانی گەرمیان و خانەقین بڵاو کردەوە و جەختی کرەوە کە داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایش.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی ١٢ی ٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: ”پەلاماری داعش بۆ سەر لیوایەكی پێشمەرگەی كوردستان لە خانەقین، دوابەدوای زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆریستیی یەك لە دوایەكی ئەم چەند مانگەی رابردوو لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و گەرمیان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاساییش، شەڕی لەنێوبردنی ئەو دوژمنە سەرسەختەی مرۆڤایەتی هێشتا درێژەی هەیە“.

هاوکات وێڕای ناردنی سڵاو و دروود بۆ گیانی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە تێکشکاندنی پەلامارەکەی داعشدا گیانیان سپاردووە، هاووڵاتیانی كوردستانی دڵنیا کردووەتەوە، هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی دیكەی كوردستان وەك هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێكشكاندنی هەر جووڵەیەكی تیرۆریستان و پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان لە هەر مەترسییەك.

فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە، داعش هێشتا هەرەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان، دڵنیاین ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە خەریكی خۆڕێكخستنەوە و قۆستنەوەی بارودۆخەكەن بۆ فراوانكردنی كارە تیرۆریستییەكانیان، بۆیەش پێویستە هاوپەیمانیی دژە داعش بە هەمان گوڕ و تینی جارانه‌وه‌ بەردەوام بێت و رێگە نەدرێت تیرۆریستان بارودۆخی نالەباری عێراق و ناوچەكە بقۆزنەوە، هەوڵەكانیش چڕ بكرێنەوە بۆ هەرچی زووتر كۆتاییهێنان بە هەلومەرجی شێواوی عێراق و گێڕانەوەی سەقامگیری.

ئەمەش دەقی راگەیاندراوەکەیە:



ڕاگه‌یه‌نراوێک له‌ فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هەرێمی كوردستانه‌وه‌:



پەلاماری داعش بۆ سەر لیوایەكی پێشمەرگەی كوردستان لە خانەقین، دوابەدوای زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆریستیی یەك لە دوایەكی ئەم چەند مانگەی رابردوو لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و گەرمیان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاساییش، شەڕی لەنێوبردنی ئەو دوژمنە سەرسەختەی مرۆڤایەتی هێشتا درێژەی هەیە.



ئێمە لە كاتێكدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانە دەنێرین كە لە تێكشكاندنی پەلامارەكەی داعشدا گیانیان سپارد و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكانمان دەخوازین و دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەكەین، هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی دیكەی كوردستان وەك هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێكشكاندنی هەر جووڵەیەكی تیرۆریستان و پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان لە هەر مەترسییەك.



جارێكی دیكەش جه‌خت لەوه‌ دەكەینەوە كە داعش هێشتا هەرەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان، دڵنیاین ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە خەریكی خۆڕێكخستنەوە و قۆستنەوەی بارودۆخەكەن بۆ فروانكردنی كارە تیرۆریستییەكانیان، بۆیەش پێویستە هاوپەیمانیی دژە داعش بە هەمان گوڕ و تینی جارانه‌وه‌ بەردەوام بێت و رێگە نەدرێت تیرۆریستان بارودۆخی نالەباری عێراق و ناوچەكە بقۆزنەوە، هەوڵەكانیش چڕ بكرێنەوە بۆ هەرچی زووتر كۆتاییهێنان بە هەلومەرجی شێواوی عێراق و گێڕانەوەی سەقامگیری.



نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆکی هەرێمی كوردستان

٥/١٢/٢٠١٩

Top