وەزارەتی ئەوقاف و ناوخۆ هەوڵی بنەبڕکردنی دیاردەی سیحر و نوشتەنووسین دەدەن
وەزارەتی ئەوقاف و کارباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە بە هەماهەنگی و هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی سیحر و جادوو و نوشتەنووسین دەکەن.
لە نووسراوەکەی بەشی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافدا هاتووە: "لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دوای ئاراستەکردنی نووسراوی فەرمی بە ژمارە ١٥٣ لە رێکەوتی ١٤⁄١٠⁄٢٠١٩ بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگی بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی (نوشتە و سحرو جادوو و دەرکردنی جن) کەلەلایەن ھەندی کەسی بەرژەوەندیخواز و دوور لە بەھای کۆمەڵایەتی و ئایینی پیرۆزی ئیسلام، سۆزی خەڵک دەقۆزنەوە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی ژمارە ٢١٦٨٩ لە رێکەوتی ١⁄١٢⁄٢٠١٩ وەڵامی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی دایەوە".
ئاماژە بەوەش دراوە: "فەرمانی بە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی ھەرێم کردووە کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کاری پێویست بۆ نەھیشتنی ئەم دیاردە ئەنجام بدەن".
بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە یەکێکە لە خاڵەکانی بەرنامەی کاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا.
باسنیوز
