نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: خەلابیل بنیامین بەشێوەیەکی نا یاسایی لە سوریا هاتۆتە هەرێمی کوردستان

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: خەلابیل بنیامین بەشێوەیەکی نا یاسایی  لە سوریا هاتۆتە هەرێمی کوردستان
لیژنەى پاراستنی ڕوژنامەنووسان (CPJ) لە ویبسایتی خوى ڕاپورتێکی بڵاوکردەوە کە تیدا باس لە دەستگیرکردنی ڕوژنامەنووسێک بە ناوی (ولیەم بنیامین ئادەم) دەکات کە ناسراوە بە خەلابیل بنیامین. راپورتەکە هێزی ئەمنیەکان تۆمەتبار دەکات بەوەى کە ناوبراویان دەستگیرکردووه پاش گەڕانەوەى لە ئەنجامدانی کاری رۆژنامەوانی لە باکوری روژهەڵاتی سوریا.

نوسینگەى رێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا تیشکی خستە سەر ئەو تۆمەتانەی لە راپۆرتی لیژنەی ناوبراودا هاتوون لە هەمان کاتدا نیگەرانی خۆی دەربڕی لە مامەڵەکردنی لیژنەکە، بێ ئەوەی لە هۆکار و وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسی ناوبراو بکۆڵنەوە.

ئەمەش دەقی روونکردنەوەی نووسینگەی رێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان:

لیژنەى پاراستنی ڕوژنامەنووسان (CPJ) لە ویبسایتی خوى ڕاپورتێکی بڵاوکردەوە دەربارەی دەستگیرکردنی ڕوژنامەنووسێک بە ناوی (ولیەم بنیامین ئادەم) دەکات کە ناسراوە بە (خەلابیل بنیامین) لە کاتی ئەنجامدانی کاری رۆژنامەوانی لە باکوری روژهەڵاتی سوریا و ئەشکەنجەدانی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە.

لیژنەکە لە راپۆرتەکەیدا داوای روونکردنەوەی بە پەلە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە تەنیا ماوەکە یەک رۆژە واتە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەیان، بێ ئەوەی لە هۆکار و وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسی ناوبراو وردببنەوە و چاوەڕێی وەڵامی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بن.

ڕوژنامەنووس (خەلابیل بنیامین) دەستگیر کراوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پاش ئەوەى کە بەشێوەیەکی نا یاسایی دەربازى سنوری هەرێمی کوردستان دەبێت لە نێوان سوریا و عیراق. دوای دەستگیرکردنی کەیسەکەى پێشکەش بە دادگای دهۆک کراوە بەپێی فەرمانی یاسایی ماددەى ١٧ لە یاسای پاسپورتی عیراقی. دواتر ناوبراو لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە کەفالە ئازاد کراوە، بەڵام کەیسەکەى لە دادگا بەردەوامە. دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کەیسەکە مەبەستی چوونی ناوبراو بۆ وڵاتی سوریا کاری رۆرژنامەنووسی نەبووە، بەڵکو بەمەبەستی گەیاندنی بڕی پارەک بووە بۆ کەسێک بە ناوى (فادی صابر) کە دانیشتووی ناوچەى تەل تەمیره لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. هەروەها نووسراو و بەڵگەنامەی فەرمی پەڕینەوەی سنوری سوریای نەبووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری دەکات بۆ تیمەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بۆ ئەنجامدانی کاری رۆژنامەوانی ئەمەش بەپێی چەند رێوشوێنێکی دیاریکراو وەک نووسراوی فەرمی بۆ رێگەپێدان. ئەم رێوشوێنانەی کە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم پەیڕەوی دەکەن ئاساییە و لە هەموو وڵاتان پەیڕەو دەکرێ.

دوای دەستگیرکردنی ناوبراو لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و وەک هەر دەستگیرکراوێک گشت مافە یاساییەکانیان پێی راگەیاندووە و رووبەڕووی ئەشکەنجەدان و هەڵسوکەوتی نەشیاو نەبۆتەوە.



نووسینگەی رێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان
لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
Top