گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی وەڵامی پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەداتەوە
لەمبارەوە ئەمڕۆ سێشەممە پێشەوا هەورامانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد: "فراکسیۆنی پارتی هەموو کات ویستوویە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە هاوبەشی بکات، چونکە ئاشتیی کۆمەڵایەتیی ئەم هەرێم ئێمە بە بەرپرسیارێتیی سەرشانمانی دەزانین نامانەوێ ئەوەی لە ڕابردوو و خولی پێشوو ڕووی دا، جارێکی دیکە روو بداتەوە".
ئاماژەی بەوەش دا: "دەستبردن بۆ مووچە و قووتی خەڵک بۆ مزایدە و هەندێ کە لەوانەیە قەت پەیوەندییان بە خەڵکەوە نەبێت، نەگونجاوە و من پێم وایە قسەکانی کاک عەباس پەیوەندیی بە بابەتی ڕیکلامی ڕاگەیاندنەوە هەبوو کە کۆنگرەی حزبەکەی لەپێشە و لەوانەیە بەنیاز شتێک بێت و ئەو قسانەی بۆ جووڵەیەکی ڕاگەیاندنی خۆی کردووە".
پێشەوا هەورامانی گوتیشی: "ئێمە لەبارەی ئەو قسانەوە ئێمە لەگەڵ لیژنەی یاسایی قسەمان کرد و ئەمە وەڵامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و دەڵێت قسەکانی ئەو گوزارشت نییە لە ڕای ئێمە و لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی قسەمان کردووە و دەڵێن قسەکانی گوزارشت نییە لە بۆچوونی فراکسیۆنی یەکێتیی، لەگەڵ هەموو شوێنەکان کە ئەو پەیوەندیی پێوە هەبووە و قسەمان کردووە، دەڵێن ئەو قسانەی کاک عەباس هیچ پوەندییەکیان بە فراکسیۆن و لێژنەکەی ئێمەوە نییە، کەواتە ئەو قسانە ڕێکلامێکی ڕاگەیاندن بووە و مووچەی خەڵکی کردووەتە بیانوو بۆ خۆی".
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "تاکوو ئێستا ڕێز لەوە دەگرین کە بەڕێزان لە دەستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکی زۆر باشیان لەگەڵ فراکسیۆنەکان هەبووە، هەروەها هاوڕێیانمان لە فراکسیۆنی یەکێتی تا ئێستا هەماهەنگییەکی زۆر باشیان لە کارەکاندا هەبووە لەگەڵ ئێمە و ئامانجی ئێمەش پاراستنی هاوسەنگییە و ئێمەش زۆر کارمان کردووە، بەڵام خۆ ناکرێ هەموو شتێک بکەیتە بیانوو بۆ باسکردن".
پێشتر عەباس فەتاح، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕای گەیاندبوو دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست هیچ بارگرانییەک بۆ حکوومەت دروست ناکات.
عەباس فەتاح ئاماژەی بەوەش کردبوو دەبوو لە ماوەی 21 ڕۆژدا پرۆژە یاسای بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بخرێتە بەرنامەی کارەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
باسنيوز
