كوڕەكەی نەجمەدین ئەربەكان رەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت

كوڕەكەی نەجمەدین ئەربەكان رەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت
كوڕی نەجمەدین ئەربەكان، کە ئێستا لە شوێنی باوكی سەرۆكی پارتی (رەفاح)ە لە توركیا، داوا لە هاووڵاتیان دەكات دەنگ بە پارتەكەی باوكی بدەن، چونكە تاكە پارتە كە دەتوانێت ئابووریی توركیا بەهێز بكات و بودجەی توركیا بەرز بكاتەوە.

فاتیح ئەربەكان، كوڕی نەجمەدین ئەربەكان سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، لە وتارێكدا لە ئیستەنبۆڵ بۆ ئەندامانی پارتەكەی، ئاماژەی دا كە دەچنە هەر شوێنێك هاووڵاتییان دوعای خێر بۆ باوكی نەجمەدین ئەربەكان دەكەن.

ئەو دەڵێت: "تاكە حكوومەت كە بژێوی خەڵكی توركیای باش كرد، ٥٤ەمین حكوومەت بوو كە نەجمەدین ئەربەكان سەرۆك وەزیرانی بوو، بۆیە دەچینە هەر شوێنێك هاووڵاتیان رێگەمان لێ دەگرن و دوعای خێر بۆ باوكم دەكەن. ئەوان دەڵێن ئەگەر ئەربەكان مووچەی ئێمەی زیاد نەكردایە، ئێستا نیوەی ئەو مووچەیەمان وەردەگرت".

فاتیح هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە كە دەڵێن ئەندامانی پارتەكەیان دەچنە ناو ئەكەپە، هەروەها ئەوانیش كار بۆ ئاكەپە دەكەن. ئەو دەڵێت ئەمانە بوختان و درۆیە و ئێمە پارتێكین دەتوانین توركیا لەو گێژاوەی ئێستا رزگار بكەین.

ئەو ئاماژەی دا، كە ئەگەر بێنە ناو دەسەڵاتەوە، ساڵانە ١٠٠ ملیار بۆ بودجەی گشتی زیاد دەكەن، بەمەش نیوەی پارەكە بۆ قەرز و نیوەكەی تریش بۆ هاووڵاتیان خەرج دەكەن.

سەرەتا رەجەب تەییب ئەردۆغان ئەندامی پارتی رەفاح بووە، هەروەها چەندین جار گوتوویەتی لەژێر دەستی ئەربەكاندا بووە بە سیاسی و سوودی زۆر لە ئەزموونی ئەو وەرگرتووە.












باسنيوز
Top