سەرۆکی ھەرێمی کوردستان یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی بۆ پەرلەمان ناردەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی واژۆ نەکرد و بۆ پەرلەمانی گەڕاندەوە.
نزار مەلاغەفار، بڕیاردەری لێژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی واژۆ نەکردووە و بۆ پەرلەمانی ناردووەتەوە.
ڕوونیشی کردەوە کە چاوەڕوان دەکەن سەرۆکایەتیی پەرلەمان یاساکە بۆ لێژنەکان بنێرێت.
هەر لەمبارەیەوە سارا دڵشاد، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمان راگەیاند، تێبینی لەسەر کۆمەڵێک ماددەی یاساکە هەیە.
ئاماژەشی بەوە کرد کە لە داهاتوودا پڕۆژەیاساکە بۆ لێژنەی شارەوانی و لێژنەی یاسایی دەنێردرێت و پێداچوونەوە بە یاساکە دەکرێتەوە.
ڕوونیشی کردەوە کە تاوەکوو پڕۆژەیاساکە بۆ لێژنەکەیان دەگەڕێندرێتەوە، ئەوان نازانن چ تێبینییەکی لەبارەوە هەبووە.
پێشتر پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیاسایەکی لەبارەی تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان پەسەند کرد کە سەدان هەزار خانوو لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەپێی یاسا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەیە پڕۆژەیاساکان پەسەند نەکات و ئەگەر تێبینی لەبارەوە هەبوو، واژۆی نەکات و بۆ پەرلەمانی بگەڕێنێتەوە.
باسنيوز
