فەرماندەی هێزەکانی کەرکووک: تەقینەوەکان لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون

فەرماندەی هێزەکانی کەرکووک: تەقینەوەکان لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون
ئەمڕۆ لە کەرکووک سێ تەقینەوە روویاندا، یەکێک لە تەقینەوەکان لەنێو قەرەباڵخی و هاتووچۆی خەڵک بوو لە بازاڕی ئەحمەد ئاغا. فەرماندەی هێزەکانی کەرکووک دەڵێت: تەقینەوەکان لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون.

تەقینەوەکان لە سێ شوێنی جیاوازی کەرکووک روویاندا، بەڵام لە یەککاتدا زرمەیان لێ بەرزەوەبوو. تەقینەوەی یەکەم لەدۆمێز و دووانەکەی دیکە بازاڕەکانی دەڵاڵخانە و ئەحمەد ئاغایان کردە ئامانج.

لایەنە ئەمنییەکان تاوەکو ئێستا کەسییان دەستگیرنەکردووە، فەرماندەی هێزەکانی کەرکووک داعش بە ئەنجامدەری تەقینەوەکان تۆمەتباردەکات.

لیوا سەعد حەربییە، فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک دەڵێت "زیانی پەلامارەکانی داعش بەتایبەت لەم 10 رۆژەی رابردوودا بریتین له: کوشتنی شەش کەس لە وادی زەیتوون و دوو کوژراو لە رەشاد و پێنج کوژراو لە سنووری دوبز، لێدانەکانمان لە داعش بەردەوامە".

ئامارەکانی پۆلیس و تەندروستی کەرکووک دەڵێن: 16 کەس بەهۆی تەقینەوەکانەوە برینداربوون
برینی سێ لە بریندارەکان سەختە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری وردی پزیشکین. جگە لە یەکێکیان کە کارمەندی پۆلیسە ئەوانی دیکە کەسانی سڤیلن.

بەپێی گوتەی دەزگا ئەمنییەکان هەرسێ بۆمبەکە لەنێو زبڵ و خاشاکی کۆکراوە دانراون
لە سێ شوێنی قەرەباڵخ کە دووانیان لە سەنتەری شار لەنزیک وەستانی کرێکاران لە ئەحمەد ئاغا و یەکێکی دیکەشییان بازاڕێکی میللییە لە گەڕەکی دۆمیز لە خوارووی کەرکووک.

رووداوی تەقەکردن و هەڵکوتانە سەر گوندەکان چەند حاڵەتێکن لە چەند رۆژی رابردوو لە کەرکووک روویانداوە، بەڵام سێ تەقینەوە لە سەنتەری شار دەزگا ئەمنییەکانی بەتەواوی راچڵەکاند.
Top