عەبدولمەهدی داوا لە وەزیرەکانی دەکات تا پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە پۆستەکانیان بمێننەوە

عەبدولمەهدی داوا لە وەزیرەکانی دەکات تا پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە پۆستەکانیان بمێننەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوا لە وەزیرەکانی حکوومەتەکەی دەکات، تاوەکوو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە.

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ١١ی ٢٠١٩، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دا و تێیدا بابەتی دەست لەکارکێشانەوەکەی گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

بەپێی راگەیاندراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا عەبدولمەهدی رای گەیاندووە کە حکوومەتی عێراق ئەوەی لە دەستی هاتووە، ئەنجامی داوە، هەر لە پێشکەشکردنی پاکێجی چاکسازییەکان و دامەزراندن و دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون و پڕۆژەیاسا گرنگەکانی وەک هەڵبژاردن و کۆمسیۆن و ئەنجومەنی خزمەتی ئیتیحادی، بۆیە داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد، لە دانیشتنی داهاتووی خۆیدا چارەسەری گونجاو دابنێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەی عێراق داوای لە ئەندامانی حکوومەتەکەی کرد، تاوەکوو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، لە کارەکانیان بەردەوام بن.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاشکرا کراوە کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەست لەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنەکە پەسەند کراوە.













باسنيوز
Top