عەدنان موفتی: مادەی 142 بۆ هەمواری دەستووری عێراق گرنگە

عەدنان موفتی: مادەی 142 بۆ هەمواری دەستووری عێراق گرنگە
ئەمڕۆ شەمممە لە پانێلێکی تایبەت بە هەمواری دەستووری عێراقکە لە سلێمانی بەڕێوە چوو، تییدا عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لە گوتەیەکدا لەسەر پرسی هەمواری دەستووردا جەختی لەسەر پابەندبوون بە مادەی 142 کردەوە.

عەدنان موفتی ڕای گەیاند: "ڕێکخستنی ئەم پانێلە کە تایبەتە بە تاوتوێ و شرۆڤەی هەمواری دەستووری عێراق، لەم کاتەدا کە عێراق بە ڕەوشێکی تایبەت و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، زۆر گرنگە و کاری ئەندامانی کورد لە لیژنەی هەمواری دەستووری قورستر دەکات".

ئاماژەی بەوەش کرد: "یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق، هەموارکردنەوەی دەستوورە، بەڵام ئەم هەموارکردنەوەیە ئاراستەیەکی ڕوونە و دیاریکراوی نییە کە پێمان بڵێ مەبەستیان کام مادە و خاڵە، بەڵام لێرەو لەوێ دەرکەوتووە کە یەک لە مەسەلەکان پەیوەندیی بە پرسی فیدراڵیەت، مادەی 140 و ئەنجومەنی پارێزگاکان و هاوکات پێشەکیی دەستوورە هەیە".

عەدنان موفتی ئاماژەی بەوەش دا: "من پێم وایە هیچ کات و لە هەر شوێنێک کە دەستوور بنووسرێتەوە، هیچکات هەموو گەل و پێکهاتەکان پێی ڕازی بن و بێگومان گللەییان دەبێت و ئەزموونی وڵاتانیش ئەمەی دەرخستووە".

ئێمەش لە کوردستان کاتێک لیژنەی نووسینەوەی دەستوورمان دانا، چوار پێنج ساڵ کارمان لەسەر کردووە و زۆرێک لە دەستووری وڵاتانمان وەردەگێڕا، کە هاوشێوەی عێراق و کوردستان بن و ئەمەش بۆ ئەوە بوو کە بزانین بە چ قۆناغێکدا تێپەڕیون، لە هیچکامیان نەمانبینی کە هەموو خەڵک 100٪ لێی ڕازبن و تەنانەت هەموو حزب و پێکهاتەکانیش، لەبەر ئەوە دەبێ بەگشتی ڕەچاوی دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ، مافی تاک و پێکهاتەکان بکرێت".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتیشی: "نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقیش زۆر ئاسان نەبوو و چەند ساڵی خایاند و تەنانەت پێکهاتەی سوننە بایکۆتیان کردبوو، هەتا سەرەنجام لە دوایین کاتەکاندا مادەی 142ی پێ زیاد کرا".

عەدنان موفتی گوتیشی: "من بەرلەوەی بچمە سەر باسی ئەو گۆڕانکاری و داواکارییانە، دەمەوێ هەندێ دەنگۆ کە هەیە ڕەتیان بکەمەوە کە هەندێ دەنگی نەشاز توندڕەوی عەرەب هەن کە دەڵێن ئەو دوو لەسەر سێیە کەلە مادەی 142دا هاتووە، ئەوە دەنگی لەسەر نەدراوە و دواتر لیژنەکە ئاماژەیان پێ داوە، ئەمە بەتەووەتی ڕاست نییە، لەبەر ئەوەی وەک ئەزموونی کەسیی خۆم باشم لەبیرە و زۆر کەسیش لێرە هەن لەبیریانە، پێش چەند ڕۆژێک لە دەنگدان، جەنابی کاک مەسعود لە بەغداوە پێوەندیی پێوە کردین کە ئێمە لەگەڵ جەنابی مام جەلال لەسەر ئەو دەستوورە ڕێک کەوتووین، بەڵام من دەسەڵاتی ئەوەم نییە واژۆی بکەم و دەمەوێ پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە و پرۆژەکە پەسەند بکات و دەسەڵاتم پێ بدەن تاکوو واژۆ بکەم. کاتێک پرۆژەکەی بۆ ئێمە نارد، مادەی 142ی تێدا بوو، کەواتە پێش دەنگدان ئەو مادەیەش پێی زیاد کراوە و مادەی 142ش زیاتر لەبەر ڕەچاوکردنی داواکارییەکانی برایانی سوننە بوو و مادەی 126یش هەروەک شارەزایان دەزانن دەسەڵاتەکانی هەرێمی تێدایە، بەڵام بەڕای من مادەی 142 گرنگترە، لەبەر ئەوەی مافێکی گونجاندووە لەو مادەیەدا کە دوو لەسەر سێی دانیشتوانی سێ پارێزگا دەنگیان بە هەموارکردنەوە و تەنانەت دەستوورەکەش ڕەت دەکرێتەوە، کە کاتی دەنگدان گەیشتووە حاڵتێک کە ترسی پەسەند نەکردنی هەبوو".












باسنيوز
Top