مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان دەبێتە دەروازەیەک بۆ زیادکردنی ئاستی بازرگانی بۆ هەموو عێراق
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-11-2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پیتەختی تورکیا.
لە ئەنقەرە، مەسرور بارزانی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆ بووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش، پرێس کۆنفڕانسێکیان ئەنجام دا.
دەقی قسەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
سوپاستان دەکەم
پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا زۆر گرنگن لە ڕووی مێژوویی و ستراتیژەوە.
لە چوارچێوەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ وەزیری دەرەوە باسمان لە نیگەرانییە هاوبەشەکان کرد لەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە ڕوویان داوە.
کۆکبووین کە ئاشتی و سەقامگیری لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی ناوچەکەیە.
ئەوەی پەیوەستە بە پەیوەندیی دوو لایەنەوە جەختمان کردەوە کە دەبێت پەیوەندییەکان پەرە پێبدەین.
ڕوونم کردەوە کە لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆی ڕژدین لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن. لە کۆتاییدا باوەڕم وایە خزمەت بە تەواوی هەرێمەکە دەکات و کوردستانیش دەبێتە دەروازەیەک بۆ کرانەوە بە ڕووی بازرگانی بەدەم عێراقدا.
ئێمە تێدەگەین کە ئەوە نیگەرانیی هەموو لایەنێکە، بەردەوام دەبین بۆ هاریکاریکردن لە دژی هەر جۆرە تیرۆرێک بێت. بەداخەوە بارودۆخێک لە هەرێمەکە دەگوزەرێت، دەبێت لە نزیکەوە هاوکاریی یەکتر بکەین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.
لەسەر سووریا ئێمە نیگەرانیی هاوبەشمان لەسەر دۆخەکە هەیە. من دڵخۆشم کە گوێبیستی ئەوەم تورکیا دەیەوێت لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هاریکاری بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بەپێی خواستی خۆیان و پارێزراوییان تا دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بەتایبەتیش کە هیچ گەڕانەوەیەکی بەزۆر نابێت بۆ ناوچەکانیان.
لە کۆتاییدا دەمەوێ سوپاسی جەنابیان بکەم. بە تامەزرۆیی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووم لەگەڵ بەرپرسانی دیکە دەڕوانم.
پرسیاری رۆژنامەنووسان و وەڵامی مەسرور بارزانی:
پ: باسی بوونی مەترسیی پەکەکە لەسەر شنگال دەکرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە چی دەکات؟
مەسرور بارزانی: بەداخەوە دەسەڵاتمان لە شنگال نییە و لە ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، لە رابردوودا ئێمە دژی بوونی پەکەکە بووین لە شنگال، لەگەڵ ئەوە نین هێزەکانی پەکەکە لە شنگال و ناوچەکانی دیکە هەبن.
پ: کاتێک جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی هەولێری کرد، دواتر یەکەم سەردانت بۆ ئەنکەرە بوو، ئایا پەیوەندی لە نێوان ئەم دوو سەردانە هەیە؟
ئەوەی پەیوەستە بە سەردانی مایک پێنس، بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندی و پاڵپشتیی هاریکاریی ئەمریکا بوو بۆ کوردستان و پەرەپێدان بە پەیوەندیی دوولایەنە کە لەگەڵ کوردستان هەمانە. وەک دەزانن جەژنی سوپاسگوزارییە و بۆ سەردانی هێزەکانیان هاتنە عێراق.
باسنيوز
