بهرپرسی لقی پارتی لە ڕاپەڕین: لەم سنوورە هەڕەشە لە کادیرانی پارتی دەکرێت
هیوا گهیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی راپەڕینی پارتی رايگەیاند: ”ئاگاداری دهزگا ئهمنییهکانمان کردووەتەوە لهوهی له سنووری راپهرین و قهڵادزێ، هەڕەشە له کادیرانی پارتی دهکرێت“.
باسیشی لەوە کرد کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نارنجۆک هەڵدراوەتە ماڵ و بەردەرگای هەندێک لە کادیرانی حزبەکەی، بۆیە بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی کادیرەکانی خستە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکە.
بەرپرسەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێش ماوەیەک تەقە لە ماڵی کادیرێکی حزبەکەی کراوە لە پشت قەڵادزێ، دەزگا ئەمنییەکانیش هیچ ئەنجامێکیان پێ نەداون لەبارەی ناسنامەی تەقەکەرەکان، هەروەها هیچ ئەنجامێکیشیان لەبارەی نارنجۆکەکانەوە ئاشکرا نەکردووە ”کە دەبووایە دەزگا ئەمنییەکان ئەمانەیان ئاشکرا بکردایە“.
هەفتەی رابردوو لە سنووری قەڵادزێ، نارنجۆک هەڵدراوەتە بەردەم ماڵ و دووکانی دوو کادیری پارتی و تەقەش لە ماڵی کادیرێکی دیکەی حزبەکە کراوە.
پێشتر لە ٢٢ی ١١ی ٢٠١٩، محەمەد فازڵ، گوتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین ڕايگەیاندبوو، بە فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەی پشدەر، کەسێک لەبارەی ڕووداوی هەڵدانی نارنجۆک بۆ بەردەم دوکانی هاووڵاتییەک، دەستگیر کراوە، کەسەکەش لە لێکۆڵینەوەدا دانی بە ئەنجامدانی تاوانەکەیدا ناوە و ”ھەوڵدەدەین لە ڕێگەی ئەوەوە، سەرەداوی ڕوداوەکانی دیکە بدۆزینەوە“. بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ وردەکارییەکی دیکەی ڕووداوەکانیان ئاشکرا نەکردووە.
باسنيوز
