مەسرور بارزانی سەردانی تورکیا دەکات

 مەسرور بارزانی سەردانی تورکیا دەکات


سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمین سەردانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدات و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ١١ی ٢٠١٩ سەردانی تورکیا دەکات.



سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی تورکیا دەکات و چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسە باڵاکانی تری ئەو وڵاتە دەکەوێت.



سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە، لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تورکیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی هەر زوو بانگهێشتنامەی فەرمی ئاراستەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئێستا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت. لەم سەردانەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی ناوچەکەدا دەکرێت.



ئەم سەردانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە لە دوای دەست بەکار بوونی لە پۆستەکەی، لە مانگی ٧ی ئەمساڵدا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبووەوە.



لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو، ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رای گەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا دەکات.



لە رۆژی ٣٠ی ١٠ی ٢٠١٩، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت بانگهێشتنامەی سەردانکردنی چەندین وڵاتی بۆ هاتووە، لە نێویشیاندا تورکیا، بەڵام تا ئێستا (٣٠ی ١٠ی ٢٠١٩)، ھیچ کاتێک بۆ سەردانەکە دیاری نەکراوە.



باسنيوز
Top