عەرەبی هاوردە دەستبەسەر 50 دۆنم زەوی جووتیارێکی کورد لە پەلکانە دەگرن

عەرەبی هاوردە دەستبەسەر 50 دۆنم زەوی جووتیارێکی کورد لە پەلکانە دەگرن
عەرەبی هاوردە چوونەتە گوندی پەلکانە کە بەهێزی سەربازی گەمارۆدراوە و دەیانەوێت بە پاڵپشتی سوپای عێراق لەو سنوورە بگەڕێنەوە سەر ئەو زەوییانەی حکومەتی سەدام لەکوردی وەرگرتبوونەوە بەوانی دابوو.

دەشتی ئاغا، جووتیارێکی پەلکانەیە و عەرەبی هاوردە دەستیان بەسەر 50 دۆنم لە زەوییەکانیدا گرتووە و دەستیان بەکێڵانی کردووە.

ئەو جووتیارە بۆ سەلماندنی خاوەندارێتی زەوییەکەی هەموو بەڵگەیەکی پێیە، تەنانەت تاپۆی سەردەمی پاشایەتی، کەچی بێسوودبوو بۆئەوەی زەوییەکانی نەکەونە دەستی عەرەب.

ئەو جووتیارە دەڵێت، هەوڵمدا کێڵانی زەوییەکانیان پێڕابگرم، بەڵام پەیوەندییان بە سوپاوە کرد "فەوجی مغاویر دوو هێزیان هاتن و قسەمان کرد، پێم گوتن ئەمە زەوی منەو مافی ئەوان نییە بێنە سەر زەوییەکە، من بەڵگەی خۆم پێدان، کە تاپۆی قۆچانی رەشە، ئەوانیش نووسراوێکی بێ مێژوو و ژمارەیان پێبوو، داوای لەمن کرد لەگەڵییان بچمە فەوج، وەک تەڵەیەک وابوو بۆمن، پێیان وتم کە من نەچمەوە سەر ئەو زەوییە و بەڵێنامەیان پێپڕکردمەوە".

کێشەی زەوی و زاری کورد تەنیا لەو گوندە نییە، کێشەی زەوی و زاری کورد لەم ناوچەیە ماوەی دوو ساڵە سەریهەڵداوە و ترسەکە ئەوەیە هەموو ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە.

محەممەد ئەمین، جووتیارێکی دیکەی پەلکانەیە و دەڵێت "ئەو کێشەیە سەرەتا لەخانووەکانەوە دەستی پێکرد، پەرە دەستێنێ و دواتر زەوییەکان و دواتریش هەموو گوندەکان دەگرێتەوە".

ئەگەرچی پێشتر بڕیاری ماددەی 140 هەبوون بۆیەکلاکردنەوەی، بەڵام لەژێر گوشاری هێز و دەسەڵاتی ئیداری، عەرەبی هاوردە گەڕاونەتەوە ناوچەکە.

قادر عەباس، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرگەڕان ئاماژە بەوە دەکات "جووتیاری کورد دەتوانێ تانە لە دادگا تۆماربکات، وەک چۆن عەرەبەکان تانەیان لەو بڕیارە داوە، ئەوکات دادگا تەماشای هەردوو بڕیارەکە دەکات، ماف لای کێ بێت ئەو خاوەنی زەوی دەبێت عەرەبەکانی ئەو سنوورە سەر بەهۆزی شەمەرن، کەسایەتییەکانی ئەو هۆزە دەیانەوێ چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە".

زیاتر لە 38 گوند لەسنووری سەرگەڕان کێشەی موڵکدارییان هەیە، 26 گوند زەوییەکانیان دراونەتەوە جووتیاری کورد و عەرەب بەلایاندا ناچێ، بەڵام 12 گوند کێشەکانیان لەنێوان جووتیارانی کورد و عەرەبدا ماون و عەرەبەکان گەڕاونەتەوە و داوای دەکەن کە زیاتر لە 63 هەزار دۆنم زەوییە.
Top