چالاکانی ئافرەت لە سلێمانی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم لە نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان بەرز دەنرخێنن
کەمپەینی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە 25-11ـەوە دەست پێ دەکات. نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان لە پەیامێکیدا کە ئێوارەی 24/11/2019 بڵاوی کردەوە، دەڵێت: "هەموو قەیران و شەڕێک کۆمەڵگە دەشێوێنن، هەنگاوەکان دوا دەخەن و دەبنە مایەی توندوتیژی، ئافرەتانیش قوربانیی سەرەکیی ئەو دۆخهن، بۆیە لەم ڕۆژەدا و بۆ ئهم ئهرکه پێویست و گرنگه، جەخت لەسەر بەردەوامی و هەماهەنگیی سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و ئاژانسەکانی یوئێن و ڕێکخراوە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییەکان دهکهینهوه".
ئافرەتانی شاری سلێمانی، بە گرنگییەوە دەڕواننە کەمپەینی شانزه ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و پێیان وایە، بەردەوامیی ئەو کەمپەینە هۆشیاریی زیاتر دەداتە کۆمەڵگه تا بەدوور بن لە توندوتیژی دژی ئافرەتان. سیڤان محهمهد، کە پیشەی فەرمانبەرە، لە لێدوانێکدا کوردستان گوتی: "ئافرەتان لە کۆمەڵگادا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن و بەشێکی گرنگی کۆمەڵگان، بۆیە پێویستە پارێزگارییان لێ بکرێ و ژیانیکی شایستەیان بو دابین بکرێ."
ژیان جەلال، کە چالاکێکی مەدەنیی شاری سلێمانییە، لە لێدوانێکدا کوردستان ئاماژهی بهوه دا: "ڕۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە کابینەی پێنجی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەئاشکرا بەدەر کەوت، لەو هەنگاوانەی کە بە ئاراستەی یەکسانیی جێندەری و فەراهەمکردنی ژیانیکی شایستەتر و شیاوتر بۆ ئافرەتان هەڵیهێنانەوە، کە جێگای دەستخۆشین. هەروەها دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، کە یەکێک بوو لە هەوڵەکانی بۆ پاڵپشتیی زیاتری ئافرەتانی کوردستان و ئێستاش بەردەوامیی ئەو هەنگاوانە لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جیگای ئومێد و دەستخۆشییە، چونکە بە بەرچاوڕوونی و ئەزموونەکانی پێشووتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەکرێ هەنگاوەکان چڕتر ببنەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیوارەی 24/11/2019 لە پەیامێکدا بە بۆنەی دەستپێکردنی کەمپەینی شانزه ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانەوە ڕایگەیاند: "هەڵمەتەکە لە 2007ـەوە ساڵانە ڕادەگهیەنرێت بۆ چڕکردنەوەی کار و چالاکییەکان بە ئامانجی بنبڕکردنی توندوتیژیی جێندەری و دابینکردنی دادوەری." دەشڵێت: "وێڕاى سهختییهکان، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش و تاوانهکانى و جینۆسایدی ئێزدییان، کە بوونە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورەی مرۆیی، هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە شێوازێکی دروست و شایسته، مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات".
ناسک واحید، چالاکێکی بواری ئافرەتانە لە شاری سلێمانی، لە لێدوانێکدا تایبەت گوتی: "هیواخوازم کە چیتر باسێک نەمێنێ بە ناوی توندوتیژی، هەرچەند ئەوە ئاشکرایە توندوتیژی چەمکێکی جیهانییە و تەنیا لێرە نییە، بەڵکو لە هەموو جیهاندا هەیە، بەڵام بەداخەوە لێرە تەنیا ڕووداوە دیار و بەرچاوەکان دەبنە توندوتیژی، بۆیە دەبێ هەنگاوەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ ڕێگری لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی ڕوودانی توندوتیژی."
یادگارمەحموود، بەرپرسی ئهنجومهنی سلێمانیی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، لە لیدوانێکدا کوردستان، ئاماژهی بهوه دا: "جێگای دەستخۆشییە کە بەرێز نێچیرڤان بارزانی لە کابینەی پێنجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 2007 هەڵمەتێکی ڕاگەیاند کە کوردستانی لە ئاستی وڵاتانی نیودەوڵەتی پێناسە کرد بە جۆرێک کە بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان کرد و، یاسای ژمارە 5 و یاسای ژمارە 8 کە بووە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان و منداڵان، کە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بەو یاسایە دەکەن، ههروهها دادگایەکی تایبەت کرد بە جێبەجێکردنی ڕێکارە پێویستەکانی یاساکە، پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ بەمەنهەجکردنی نا بۆ توندوتیژی، تا تاکی هۆشیار پێ بگهیهنرێت، کە لە داهاتوودا دوور بن لە جۆرەکانی توندوتیژی".
بهرپرسهكهی یهكێتیی ئافرهتانی كوردستان گوتیشی: "گرنگیپێدانی هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ماف و ڕۆڵی ئافرەتان جێی دڵخۆشییە، کە بوونی پشتیووانیی ئەوان هەوڵدانە بۆ بەهێزبوونی کەسایەتیی ئافرەتان و زیاتر چڕبوون و پەرەپیدانی ڕێخراوەکانی ئافرتان، تا ئەوانیش کاراتر کار بکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگه."
