ڕژێمی سووریا هێزەكانی هەسەدە بۆردوومان دەكات
ئاژانسی هەواڵی (سانا)ی زمانحاڵی ڕژێمی بەشار ئەسەد بڵاوی كردەوە كە دوای ئەوەی میلیشیاكانی ڕژێمی سووریا چاودێری هێزەكانی هەسەدەیان كردووە لە ناوچەی جەزیرە، تانكەرە نەوت گوێزەرەوەكان و شوێنی پاڵاوتنی نەوتی سەر بە هێزەكانی هەسەدەیان كردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی چیتر نەتوانن لە ڕێگەی جەرابلوسەوە بیگوازنەوە.
بە گوێرەی هەواڵەكە، ڕژێمی سووریا بڕیاری داوە لەمەودوا بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی ناوچەكە و ڕێگە نادات جارێكی تر هێزەكانی هەسەدە هیچ نەوتێك لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ خۆیان ببەن، ئاماژەشی بەوە داوە لە كاتێكدا هەسەدە توركیا بە دوژمنی خۆی دەزانێ، كەچی بە چاودێری و سەركردایەتیی ئەمریكا، نەوتی پێدەفرۆشێتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەمریكا پێشتر بڕیاری دابوو هێزەكانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات بهێڵێتەوە بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتیەكان ناوچەكە و پشتیوانیكردنی هەسەدە. لە لایەكی دیكەشەوە لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوودا هەسەدە لەگەڵ ڕژێمی سووریا ڕێككەوتنێكی ئیمزا كردبوو لەسەر ڕێگەدان بە هێزەكانی ڕژێم بۆ چوونە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام كاتێك ئەمریكا لە كێشانەوەی هێزەكانی پاشگەز بووەوە و بڕیاری مانەوەی دا لە ناوچە نەوتیەكانی رۆژئاوای كوردستان، هەسەدەش ناچار بوو لە بەشێكی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد پاشگەز بێتەوە و هێزەكانی ڕژێم نەیانتوانی بچنە تەواوی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.
باسنيوز
