فەرەنسا وردەکاریی کوژرانی 13 سەربازەکەی ئاشکرا دەکات

فەرەنسا وردەکاریی کوژرانی 13 سەربازەکەی ئاشکرا دەکات
گوتەبێژی سەربازیی سوپای فەرەنسا وردەکاریی و هۆکاری کوژرانی 13 سەربازی وڵاتەکەی لە کیشوەری ئەفریقیا، ئاشکرا دەکات.

شەوی دووشەممە 25-11-2019، سەرچاوە میدیاییە فەرەنسی و جیهانییەکان کوژرانی 13 سەربازی فەرەنسییان لە وڵاتی مالی لە ئەفریقیا، بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27-11-2019، کۆڵۆنێڵ فریدریک باربەری، گوتەبێژی سەربازیی سوپای فەرەنسا رایگەیاندووە،کە 13 سەربازەکە بەهۆی پێکدادانی دوو هەلیکۆپتەری جەنگیی جۆری تیگەر و کۆگەر، گیانیان لەدەست داوە.

ئەو سەربازانە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بوون لە دژی گرووپە توندڕەوەکانی مالی و بەهۆی ئەوەی کاتەکە شەو بووە و زۆر تاریک بووە، دوو هەلیکۆپتەرەکە لە ئامانی ناوچەی لیبتاکۆ لە مالی لە نزیک سنووری بۆرکینا فاسۆ، پێکیاندا دا.

هەروەک کۆڵۆنێڵ فریدریک باربەری رایگەیاندووە، سندوقی رەشی هەلیکۆپتەرەکان دۆزراونەتەوە و رەوانەی بەشی لێکۆڵینەوە کراون.

لە ساڵی 2013ـەوە، سوپای فەرەنسا بۆ هاوکاریی مالی، بەشداریی شەڕی دژی گرووپە توندڕەوکان دەکات و لەو کاتەشەوە تا ئێستا، 41 سەربازی فەرەنسا لەو شەڕانەدا گیانیان لەدەست داوە.















باسنيوز
Top