لە سنووری كەركووك مۆڵگەیەكی داعش تێك درا
ئەمڕۆ چوارشەممە 27/11/2019، بەپێی راگەیەندراوێكی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق كە تێیدا هاتووە، پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق لە ناوچەی (وادی ئەبوو شەحمە)ی سنووری پارێزگای كەركووك، دەستیان بەسەر مۆڵگەیەكی داعشدا گرتووە و پاشان مۆڵگەكەیان تێك داوە.
راگەیاندنراوەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هاوكات پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق توانیان تیرۆریستێكی داعش بكوژن.
لەبارەی زۆریی جموجۆڵی داعش لە سنووری كەركووك، كامەران كەركووكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاند: "داعش خاوەنی شانەی نوستوون لە سنووری كەركووك و ئەوان یارمەتیدەرن بۆ چەكدارەكانیان، هەروەها كەموكورتی زۆر هەیە لەنێو دامودەزگا ئەمنییەكانی حكوومەتی عێراق، بۆیە ئەوان جموجۆڵیان زیادی كردووە و خۆیان رێك خستووەتەوە، بەتایبەت لە سنووری كەركووك و ئەوەش وای كردووە كە دۆخەكە ناجێگیر بێت و هێزە ئەمنییەكانیش لەبەر ئەوەی خەڵكی ناوچەكە نین و بە شێوەیەك لە شێوەكان یارمەتیی داعش دەكەن، بەتایبەتی لە ناوچە عەرەبنشینەكان كە هەموویان سوننەن و خزم و كەسی یەكن".
گوتیشی: "ئەگەر پێشمەرگە و ئاسایش بگەڕێتەوە، ئەوكاتە دۆخەكە بەرەو ئارامبوونەوە دەڕوات و ئەگەر دۆخەكە هەر وا بمێنێت، لە ئایندەدا بەرەو خراپتر دەڕات".
باسنیوز
