بۆ دابەشکردنی یەک بەرمیل نەوت بەسەر هەموو ماڵێکدا 258 ملیۆن لیتر پێویستە

بۆ دابەشکردنی یەک بەرمیل نەوت بەسەر هەموو ماڵێکدا 258 ملیۆن لیتر پێویستە
لێژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، بە مەبەستی دابەشکردنی بەرمیلێک نەوت بەسەر هەموو ماڵێکی هەرێمی کوردستان، حکوومەت پێویستی بە 258 ملیۆن لیتر نەوت هەیە.

لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاپۆرتی بەدواداچوونی خۆی بۆ پرسی نەوتی سپیی ماڵان بڵاو کردەوە و رای گەیاند، بەشی هەرەزۆری خێزانەکانی کوردستان نەوتی سپییان وەرنەگرتووە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی دارایی دەستیان کەوتووە، بۆیان دەرکەوتووە کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 258 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، تاوەکوو هەموو ماڵێکی هەرێمی کوردستان بتوانن یەک بەرمیل نەوت وەربگرن.

لێژنەکە ڕوونی کردووەتەوە کە تەنیا بۆ ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، 58 ملیۆن لیتر نەوت پێویستە، بەڵام حکوومەتی عێراق تەنیا 50 ملیۆن لیتر دابین دەکات کە تاوەکوو ئێتر نزیکەی 15 ملیۆن لیتر نەوت گەیشتووە.

ئەو لێژنەیەی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت خێراتر بکرێت و حکوومەتیش پارەی پێویست بۆ کڕینی نەوتی سپی دابین بکات.

هەر لەمبارەیەوە کاروان گەزنەیی، ئەندامی لێژنەکە بە (باسنیوز)ی راگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە کە بۆ دابینکردنی نەوت بۆ سەرجەم خێزانەکانی ھەرێـمی کوردستان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌تی دارایی ڕاسپاردووه‌ بۆ ئاماده‌کردنی پاره‌ی پێویست بۆ کڕینی نه‌وت. گوتیشی: “وه‌زیری دارایی پێی راگەیاندووین سه‌رقاڵی لێکۆڵینه‌وه‌ن بۆ زانینی بڕی پارەی پێویست”.










باسنيوز
Top