نوێنەری حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کۆ بووەوە
لە کۆبووەنوەکەدا د. دلاوەر ئاژگەیی دیدی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بەو بارودۆخە سیاسیەی کە ئێستا لە چەند پارێزگایەکی عێراق دروست بووە، بۆ شی کردنەوە کە بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشەی چەندین ساڵی ڕابردوو و جێبەجێنەکردنی دەستوورەوە سەری هەڵداوە، پێی ڕاگەیاندن کەوا حکوومەتی هەرێم پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق دەکات کە ئەمەش دەکرێت بە چەند قۆناغێکی جیاجیا کاری لەسەر بکرێت.
چەند پرسێکی گرنگی تریش لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا ئەویش پرسی بودجە و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، هەروەها ئاساییکردنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بارودۆخی ئاوارەو پەنابەران. لەم بارەوەش پەیام و دیدگای حکومەتی هەرێمی گەیاندە بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا.
هاوکات داوا کرا کە ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی یەکێتیی ئەوریوپا ھاوکاری بنەڕەتی بگەیەنن بە ئاوارەو پەنابەرانی هەرێم و بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان لەگەڵ ئاسانکاری پێویست بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
لە بەشێکی تریشدا، داوای زیندووکردنەوەی لیژنە تایبەتییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و عێراق کرا بە بەشداری نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم لیژنە و کۆمیتەکانی نێوان هەردوولا.
باسنيوز
