وادەی یاسایی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بەرەو کۆتاییە

وادەی یاسایی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بەرەو کۆتاییە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، وادەی یاسایی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بەرەو کۆتایی دەچێت و پەرلەمانی کوردستانیش تەنیا دوو ڕێگەی لە بەردەم دایە.

بەپێی یاسا، رۆژی ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٩، ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. لەمبارەیەشەوە محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی گەشەپێدانی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ماوەی کەمتر لە مانگێک ماوەی یاسایی لەبەردەم کۆمیسیۆن ماوە، دەبێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، پەرلەمانی کوردستان دوو رێگەی لە بەردەم دایە، رێگەی یەکەم ئەوەیە کە دەبێت لە رۆژی ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٩، دەرگای خۆ پاڵاوتن لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بکرێتەوە. ڕێگەی دووەمیش ئەوەیە کە لێژنەیەک بۆ وەرگرتنی سیڤی پێک بھێنێت و دوای یەکلاکردنەوەی سیڤییەکان لە پەرلەمان، متمانە بە کاندیدەکان بدرێت.

ئەنجومەنی کۆمسیارایانی ھەڵبژاردنەکان بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، لە نێوان پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ پێکهاتەکان دامەزرێندراوە.











باسنیوز
Top