بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بۆریە شکاوەکەی ئاوی ئیفراز بەتەواوی چاککرایەوە
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر راگەیاند: "بۆری سەرەکی هەزار و 500 ملیمە شکاوەکەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لەلایەن تیمەکانمانەوە بەتەواوی چاککرایەوە. پرۆژەکە لە دوێنێ ئێوارەوە دەستی بەکار کردەوە. لە دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (25-11-2019)ـەوە بەتەواوی کەوتووەتەوە کار و ئاو بۆ چەند گەڕەکێکی هەولێر گەڕاوەتەوە، ئەو گەڕەکانەشی ئاویان بڕاوە لە چەند کاژێری داهاتوودا كێشەی بێئاوییان نامێنێت".
رۆژی شەممە 23-11-2019 بۆری سەرەکی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لەنێوان رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر - عەینکاوە شکا. بۆرییەکە بەنزیک شەقامی سەرەکی تێدەپەڕێت و بەهۆی شکانیەوە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەولێر وەکو هەولێری نوێ، حەسارۆک، قەرەبوو، راپەڕین، گوڵان و فەرمانبەران تاوەکو ئیسکان تووشی کێشەی کەمئاوی و بڕانی ئاو ببوون.
