ڕۆژنامەیەکی توركی: هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا کۆتایی هاتووە

ڕۆژنامەیەکی توركی: هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا کۆتایی هاتووە
ئەمڕۆ ٢٥ی١١ی٢٠١٩ رۆژنامەی (خەبەر تورك) لە هەواڵێكدا ئاشكرای دەكات، هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەو وڵاتە بە ئۆپەراسیۆنی (كانی ئاشتی) ناودیری کردبوو، بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كۆتایی پێهاتووە.

ئەو رۆژنامەیە لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی سەربازییەوە ئاشكرای كردووە، كە ئامانجی هێرشەكە بەدی هاتووە، بۆیە تەنیا لەو شوێنانەی مینی لێیە سەربازەكانی توركیا جموجۆڵی سەربازی ئەنجام دەدەن.

حكوومەتی توركیا لە ٩ی ١٠ی ٢٠١٩ بە فەرمی هێرشی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد، بەڵام لە ١٧ی ١٠ی ٢٠١٩ دوای ئەوەی شاندێكی ئەمریكا لەگەڵ توركیا كۆ بووەوە و داوایان كرد توركیا هێرشەكە رابگرێت، توركیا ناچار كرا هێرشەكەی سووک بکاتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی ناوبراویش بێت، ئەمڕۆ بە فەرمی توركیا هێرشی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كۆتایی پێ هێناوە.

لەمبارەوە وەزارەتی بەرگریی بە فەرمی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکەیان کۆتایی پێهاتووە، بەڵام لەو ناوچانە ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان کاردانەوەی سەربازیمان دەبێت.

بەپێی ئامارەکان لە ئەنجامی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوایا کوردستان زیاتر لە 300 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و بە سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون و تاکوو ئێستا ژمارەی کوژراو و برینداری هێزەکانی سووریای دیموکرات دیار نییە و هاوکات 400 هەزار هاووڵاتیش ئاوارە بوون کە 17 هەزار کەسیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و لە دوو کەمپی بەردەڕەش و گەویلان لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێ کراون.













باسنيوز
Top