سەعدی پیرە: پەرتەوازەین، خوا ئەم کۆنگرەیە بەباش بگێڕێت

سەعدی پیرە: پەرتەوازەین، خوا ئەم کۆنگرەیە بەباش بگێڕێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لەنێو خۆیاندا پەرتەوازەن و هیوا دەخوازێت کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەی ”خوا بە باشی بگێڕێت“.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی ١١ی ٢٠١٩، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سەردانی مەزاری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی حزبەکەی کرد و لە دەفتەری یاداشتەکاندا یاداشتێکی یەک لاپەڕەیی نووسی.

پیرە ئەوەی وەبیر هێناوەتەوە کە لە کاتی کۆنگرەکانی یەکێتی (حزبەکە سێ کۆنگرەی بەستووە تائێستا) هەمیشە مام جەلال گوتوویەتی کە خۆی بە برا و کەسی هەمووان دەزانێت.

هاوکات تاڵەبانی بە چەتری کۆکەرەوەی هەمووان وەسف دەکات و نایشارێتەوە کە ئێستا پێویستییان بە مام جەلال هەیە.

سەعدی پیرە دەڵێت: ”پەرتەوازەین بەداخەوە، ئەم کۆنگرەیە خوا بەباشی بگێڕێ. برا گەورایەتی و باوکایەتیی جەنابت هەوێنی پێکەوە بەستنەوەی هەموو ناکۆکەکان بوو، جێگەی هەموو لەژێر چەترەکەی تۆ دەبووەوە“.


هیوای ئەوەشی خواستووە، هەمووان لە ئاستی بەرپرسیارێتیی مێژووییدا بن بۆ بەهێزکردنەوەی حزبەکەیان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە ٧ی ١٢ی ٢٠١٩، کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی ببەسترێت، هەرچەندە ئەمڕۆ عوسمان بانیمارانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رايگەیاند، کاتێکی زۆر کەم و کارێکی زۆریان بۆ کۆنگرە ماوە و ”نازانین لەم ماوەیەدا پێڕادەگەین یان نا“.













باسنيوز
Top