فەرماندەیەکى پێشمەرگە: بەبێ گەڕانەوەى پێشمەرگە ناوچەکە ئارامى بە خۆیەوە نابینێت
فەرماندەیەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە چیای قەرەچوخ ئاشکرای دەکات کە چەکدارانى داعش خەریکى خۆڕێکخستنەوەن لە سنوورى قەراج و چیاى قەرەچووغ، دەشڵێت بەبێ گەڕانەوەى پێشمەرگە ناوچەکە ئارامى بەخۆیەوە نابینێت.
لیوا زریان شێخ وەسانى، فەرماندەى هێزەکانى پێشمەرگە لە چیاى قەرەچووغ راگەیاند: "پاشماوەکانى چەکدارانى رێکخراوى تیرۆریستى داعش بە هاوکارى شانە نووستووەکان لەهەموو سنوورەکان خەریکى خۆڕێکخستنەوەن و رۆژ لەدواى رۆژیش هێرش و پەلامار و چالاکى پارتیزانیان زیاتر دەبێت، ئەمەش بەپێى هەڵکەوتەى جوگرافى ناوچەکە و جۆرى ئەو هێزانەى ناوچەکە دەپارێزن، ئەمەش بۆتەهۆى دروستبوونى ترس و دڵەڕاوکێ لاى دانیشتووانى ئەوناوچانەى دەکەونە سنوورى چالاکییەکانى چەکدارانى داعش".
ڕاشی گەیاند: "بەهۆى دروستبوونى ئەو بۆشاییە ئەمنییەى کە لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقدایە چەکدارانى داعش توانیویانە شوێنى خۆیان قایم بکەن، بەتایبەت لە ناوچەکانى (دەشتی قەراج و علوات و دارەبزمارە و شارەدێی قەراج)، بەردەوام هێزەکانی عێراقی لەڕێى دانانەوەى بۆمب لەسەر رێگاکان و هێرشى پارتیزانى لە شەوان دەکرێنە ئامانج ، چونکە بە ڕۆژ ناتوانن بمێننەوە".
ئەو فەرماندەیەى پێشمەرگە ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "هێزەکانى پێشمەرگە هەردەم لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنى سەنگەرەکانیان، تەنیا بە گەڕانەوەى پێشمەرگەش بۆ سنوورەکانى بەرلە 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 ناوچەکە ئارامى بەخۆیەوە دەبینێت، چونکە رابردوو ئەوە دەسەلمێنێت".
