سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کۆدەبێتەوە

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا تایبەت بە پرسی نەوت و بودجەی 2020 کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکومەتی هەرێم دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی خستە ڕوو. شاندەکە ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا قوناخێکی گرنگ و پێشکەوتوویان بڕیوە و لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن.

شاندەکە ئەو پرنسیپانەی خستەڕوو کە لە ئەنجامی سەردانەکە گەڵاڵە بوون و دەبنە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بابەتەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2020 بە جۆرێک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت لە بەرامبەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان.

شاندەکە دووپاتی کردەوە کە پرۆسەی گفتوگۆ بە ڕێنمایی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی باش لەسەر بابەتەکانی جێی گفتوگۆ و سبەی دووشەممە 25/11/2019 بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان شاندەکە دەچێتەوە بەغدا.














باسنيوز
Top