مەسرور بارزانی: گرنگییەکی زۆر بە قەڵای هەولێر دەدەین

مەسرور بارزانی: گرنگییەکی زۆر بە قەڵای هەولێر دەدەین
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی لە نزیکەوە بەسەرکردنەوەی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، سەردانی قەڵای هەولێری کرد و ڕای گەیاند گرنگییەکی زۆر بە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر دەدەین.

ئامانج لەم سەردانە بەسەرکردنەوە و چاودێریکردنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر و بەکەلتوورکردنی قەڵاکەیە کە یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییە ناسێندراوەکان لە ئاستی جیهاندا.

ماوەی چەند ساڵێکە، حکوومەتی ھەرێـمی کوردستان دەستی بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر کردووە تاوەکوو ئێستا بەشێک لە کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە تەواوکراون و بەشێکیشی هێشتا بەردەوامە.

لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا کە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر بە مەبەستی بەسەکردنەوەی قەڵای هەولێر لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێکی خستبوو، کۆمەڵێک داتا و زانیاریی تایبەت بە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لەلایەن چەند شارەزا و ئەندازیارەوە خرانە ڕوو.

هه‌ر له‌ میانه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ قه‌ڵاى هه‌ولێر، مه‌سرور بارزانى چەند پرسیار و سەرنجێکی خستە روو و گوتى: "قه‌ڵاى هه‌ولێر شوێنه‌وارێكى مێژوویی گرنگه‌، گرنگییه‌كى زۆر به‌ قه‌ڵاى هه‌ولێر ده‌ده‌ین و پاراستنى شوێنه‌واره‌كان زۆر گرنگه‌".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "ئه‌وه‌ى پێمان بكرێت بۆ پاراستنى شوێنه‌واره‌كان ئه‌نجامى ده‌ده‌ین".

راشی گەیاند، قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنە کە ژیانی تێدا مابێت و دەبێت هەوڵ بدرێت ئەو تایبەتمەندییەی قەڵای هەولێر بپارێزرێت و ژیان تێدا بەردەوام بێت.

سەرۆکی حکوومەت لەبارەی زانستیانە نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە و رەچاوکردنی پاراستنی شوناسی قەڵاکە پرسیاری کرد، هەروەها لە هەنگاونان بۆ ئاسانکردنی هاتنی گەشتیارانی کۆڵییەوە.

گوتیشی: "دەبێ بە شێوەیکی زانستی قەڵای هەولێر و دەوروبەری نۆژەن بکرێتەوە"

داواشی کرد، بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی گەشتیاران، سوود لە ئامرازی کارەبایی وەربگیرێت بەوەی ئێستا قەڵای هەولێر ناوی لە ریزبەندی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونیسکۆ تۆمار کراوە.

قەڵای هەولێر یەکێکە لە دێرینترین قەڵاکانی جیهان، دەكەوێتە ناو جەرگەی شاری هەولێر و ئەم قەڵایە 25 مەتر بەرزە لەڕووی زەوی، بەرزییەکشی لە سەر ئاستی رووی دەریا 431 مەترە. رووبەڕەکەی 110 هەزار مەتر دووجایە و مێژووی بیناسازی كردنی دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ پێش زایین.

خانووەكانی قەڵای هەولێر لە 506 خانوو کە دەکەونە گەڕەکەکانی سەرای، تۆپخانە و تەكیە پێکهاتووە.

دواتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشە جیاجیاکانی شوێنەواری هەولێری بەسەر کردەوە و سەرنج و پرسیاری تایبەتی خستە روو.













باسنيوز
Top