ڕانیه.. زانیاری له‌باره‌ى كوژرانى گه‌نجێك به چه‌قۆ بڵاو ده‌كرێته‌وه
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 24/11/2019، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى ڕاپه‌ڕین ڕاگه‌یاندراوێكى له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه، تێیدا هاتووه: "كاتژمێر 10 و 30 خوله‌كى شه‌وى ڕابردوو، لە نزیک پارکی دەروازە له ڕانیە، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ لە ڕەگەزی نێر بەناوی (پ، ح، ا) دانیشتووی ڕانیە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی (ع، س) تەمەن 29 ساڵ لە ڕەگەزی نێر بە چەقۆ بریندار کراوە، دوای ئەوای بەبرینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە و هەر لە نەخۆشخانە به‌هۆى سەختیی برینەکەی گیانی لەدەست داوە".
باس له‌وه‌ش كراوه: "ڕووداوەکە لەکاتێکدا بووە کە هەردوو ناوبراو لەسەر کێشەی نێوان خۆیان دەمەقاڵێیان بووە و لێیان بووە بەشەڕ و بە چەقۆ لە یەکدییان داوە
و هەردووکیان بڕیندار بوون، بەڵام (پ، ح) بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە".
پۆلیسى ڕاپه‌ڕین ئاماژه به‌وه ده‌دات، په‌ڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە و لەلایەن پۆلیس بکوژەکه دەستگیر کراوە و بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
شه‌وى ڕابردوو شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: "گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ لە پارکی دەروازە لە شارۆچکەی ڕانیە بە چەقۆ کوژرا".
باس‌نیوز
